ئەردۆغان گۆرانكاری لە كابینەی حكوومەتەكەی كرد

ئەنقەرە – تایبەت بە kdp.info/چوار وەزیری كابینەكەی ئێستای توركیا دەگۆڕدرێت، چاودێرانی توركیاش ئەو هەنگاوەی سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەنداری دەكەن بە پرۆسەی ئاشتەوای دەستپێكردنی گفتوگۆكانی نێوان ئەنقەرە و ئۆجەلان. ئەو وەزارەتانەی كە ئەردۆغان لە كابینەكەی گۆرانگاری پێكردوون، بریتین لە هەریەك لە وەزارەتەكانی ناوخۆ، رۆشنبیری، گەشتوگوزار، تەندروستی، پەروەردە، كە تێیدا هەریەك لە موعەمەر گولەر لەجێگەی ئیدریس نەعیم شاهینی وەزیری ناوخۆ دانراوە، هەروەها عومەر چەلیك وەك وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و محەمەد موئەزین ئۆغڵو وەك وەزیری تەندروستی و نەبی ئاڤچیش وەك وەزیری پەروەردە دەستنیشان كراون. هەندێك لە سەرچاوەكانی هەواڵی توركیاش ئەو گۆرانكاریانەیان بەرووداوێكی چاوەروان نەكراو وەسف كردووە، هاوكات پەیوەندایان كردووە بە پرۆسەی ئاشتی و بەڕێوەچوونی گفتوگۆكانی نێوان دەوڵەتی توركیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەرۆكی بەندكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە دوورگەی ئیمراڵی بەمەبەستی چەكدانانی پەكەكە و چارەسەركردنی پرسی كورد لە توركیا.




