نێچیرڤان بارزانى: بۆ چاره‌سه‌ركردنى پرسى كورد له توركیا، ئاماده‌ى هه‌موو هاوكاریه‌كین
نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، 24ى كانوونى دووه‌مى 2013، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له نیكۆلاى ملادینۆف وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى بولگاریا و شانێكى یاوه‌رى كرد.
له دیدارێكدا باس له په‌یوه‌ندیى دووقۆڵیى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ بولگاریا كرا و چۆنیه‌تیى پێشخستنى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانیان له هه‌موو بواره‌كان به گشتى و له‌و بوارانه‌ى كه بۆ هه‌ردوولا گرنگن به تایبه‌تى، تاتوێ كرد. بۆ بره‌ودانى زیاتریش به په‌یوه‌ندییه‌كان، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى بولگاریا ڕایگه‌یاند وڵاته‌كه‌ى ده‌یه‌وێت به‌م نزیكانه كونسلخانه‌ى خۆى له هه‌ولێر بكاته‌وه و ئاماژه‌ى به‌وه دا كه ئه‌وان له كرنه‌وه‌ى كونسلخانه له هه‌رێمى كوردستان دوا كه‌وتوون. وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى بولگاریا، هه‌روه‌ها هیواى خواست كۆمپانیاكانى وڵاته‌كه‌ى ده‌رفه‌تى كاركردن له هه‌رێمى كوردستان بدۆزنه‌وه و به‌شدارى له پرۆسه‌ى گه‌شه‌سه‌ندنى هه‌رێمى كوردستاندا بكه‌ن.
لاى خۆیه‌وه نێچیرڤان بارزانى خۆشحاڵیى خۆى بۆ بڕیارى كردنه‌وه‌ى كونسلخانه‌ى بولگاریا له هه‌رێمى كوردستان نیشان دا و به هه‌نگاوێكى گرنگى له قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها هه‌موو ئاسانكارى و پشتگیرییه‌كى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ى بولگاریا ده‌ربڕى. دووپاتیشى كرده‌وه كه ده‌رگاى هه‌رێمى كوردستان به ڕووى كۆمپانیا بولگارییه‌كاندا كراوه‌یه و ده‌توانن بێن له هه‌رێمى كوردستان به‌شدارى له وه‌به‌رهێنان و گه‌شه‌سه‌ندنى بواره جیاجیاكاندا بكن.
سه‌رۆك وه‌زیران به تایبه‌تیش پێویستیى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له بوارى كشتوكاڵیدا له‌گه‌ڵ بولگاریا دووپات كرده‌وه و ڕایگه‌یاند كه‌رتى كشتوكاڵ له هه‌رێمى كوردستان پێویستى به هاوكارى و سوودوه‌رگرتن له شاره‌زایى و پسپۆڕیى بولگاریا هه‌یه و داواى كرد حكوومه‌تى بولگاریا له‌م بواره‌دا هاوكارى پێشكه‌ش به هه‌رێمى كوردستان بكات. وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى بولگاریاش ئاماده‌یى وڵاته‌كه‌ى بۆ هاوكاریى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و ڕوونى كرده‌وه كه بولگاریا هه‌م له بوارى كشتوكاڵدا، هه‌میش له بواره‌كانى ته‌ندروستى، بیناسازى، دروستكردنى به‌نداو و مه‌شق و ڕاهێنانى پۆلیسدا ده‌توانێ هاوكارییه‌كى باشى هه‌رێمى كوردستان بكات.
ڕه‌وشى سیاسى و پێشهات و ڕووداوه‌كانى عێراق و ناوچه‌كه به گشتى و سووریا به تایبه‌تى لایه‌نێكى دیكه‌ى دیدارى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى بولگاریا بوو. له‌مباره‌یه‌وه نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان پێى وایه و هه‌میشه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌د‌ایه هه‌موو كێشه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراق ده‌كرێ له ڕێگه‌ى دیالۆگ و له سه‌ر مێزى گفتوگۆ، له چوارچێوه‌ى میكانیزمه‌كانى ده‌ستووردا چاره‌سه‌ر بكرێن. ده‌رباره‌ى بارودۆخ و پێشهاته‌كانى سووریاش هه‌ردوولا نیگه‌رانیى خۆیان له ڕووداوه‌كان و ئاڵۆزبوونى ڕه‌وشه‌كه نیشان دا و هیوایان خواست كه له زووترین كاتدا چاره‌سه‌رێك بدۆزرێته‌وه و كۆتایى به‌و مه‌ینه‌تیانه بێت كه ڕۆژانه خه‌ڵكى سووریا تیایدا ده‌ژین.
دواى دیداره‌كه‌ش له كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا نێچیرڤان بارزانى و نیكۆلاى ملادینۆف تیشكیان خسته سه‌ر ناوه‌ڕۆكى دیداره‌كه‌یان و خواست و نیازى هه‌ردوولایان بۆ بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و بولگاریا دووپات كرده‌وه. هه‌روه‌ها سه‌رۆك وه‌زیران ڕوونى كرده‌وه كه له‌گه‌ڵ بولگاریا ڕێككه‌وتوون نوێنه‌رایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان له سۆفیاى پایته‌ختى بولگاریا بكرێته‌وه.
وه‌زیرى ده‌روه‌ى بولگاریا ئاماژه‌ى به پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان دا و تیشكى خسته سه‌ر ئه‌وه‌ى كه له نێوان یه‌كه‌م سه‌ردانى بۆ هه‌رێمى كوردستان له سالى 2006 و ئێستادا پێشكه‌وتنێكى زۆر هاتووه‌ته ئاراوه و ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌یبینن، به‌رهه‌مى كارى سه‌رۆك وه‌زیران و سیاسه‌ته‌كانى سه‌رۆك بارزانى یه. هه‌روه‌ها گوتى ئه‌گه‌ر عێراقیش بۆ پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارییه‌كان چاو له هه‌رێمى كوردستان بكات، بێگومان له عێراق نائارامى و ئاڵۆزییه‌كان كه‌م ده‌بنه‌وه. ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه سروشتییه‌كان له هه‌رێمى كوردستان باشتر به كار بهێنرێن، به دڵنیاییه‌وه هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌وتنى زۆر باشتر به خۆیه‌وه ده‌بینێت. هه‌روه‌ها هیواى خواست ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ى له هه‌رێمى كوردستان ڕه‌خساون، له به‌شه‌كانى دیكه‌ى عێراقیش بڕه‌خسێن.
لاى خۆیه‌وه نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه به پێى ده‌ستوور هه‌رێمى كوردستان به‌شێكه له عێراق و تا ئێستاش بڕیارى په‌رله‌مانى كوردستان و بڕیارى سه‌ركردایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌یه كه هه‌رێمى كوردستان به‌شێكه له عێراق و ده‌یه‌وێ له چوارچێوه‌ى ئه‌و ده‌ستووره‌دا كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن.
سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها گوتى: "ئێمه له هه‌رێمى كوردستان له سفره‌وه ده‌ستمان پێكردووه و هه‌ر وڵاتێك بتوانێ له بوارى ئابووریدا هاوكاریمان بكات، ئێمه ئاماده‌ین و ده‌رگامان كراوه‌یه، ده‌توانن بێن و كاروبار و چالاكیى بازرگانیى خۆیان ئه‌نجام بده‌ن، به بولگاریاشه‌وه".
ده‌رباره‌ى پرسى كورد و چاره‌سه‌ركردنى له توركیا، نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه: "پێشتر گوتوومانه و دووباره‌ى ده‌كه‌ینه‌وه، هه‌ر هه‌نگاوێك پێویست بێ و داوا بكرێت كه حكوومه‌تى هه‌رێم بینێت بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌ى كورد له توركیا چاره‌سه‌ر ببێت، ئێمه ئاماده‌ین. پێمان وایه ئه‌م كێشه‌یه كێشه‌یه‌كى سیاسىییه، كێشه‌یه‌كى سه‌ربازى نیه، پێویسته به دیالۆگ و به شێوه‌یه‌كى سیاسى له چوارچێوه‌ى وڵاتى توركیادا؛ چاره‌سه‌ر بكرێت".
ده‌رباره‌ى گه‌وره كۆمپانیاى نه‌وت ئیكسۆن مۆبیل – یش، سه‌رۆك وه‌زیران، گوتى: "كۆمپانیاى ئیكسۆن مۆبیل دواى سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ به‌غدا، لێره‌وه چوون بۆ سه‌ردانى سه‌رۆك بارزانى له داڤۆس، ئێمه دڵنیاین له‌وه‌ى كه ئه‌وان پابه‌ندن به‌و گرێبه‌ستانه‌ى له هه‌رێمى كوردستان هه‌یانه، ئه‌و گرێبه‌ستانه له چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراقدا كراون، ئه‌و مافه ده‌ستوورییه‌یه كه به هه‌رێمى كوردستان دراوه، به دڵنیاییشه‌وه ئیسكۆن مۆبیل له‌م چوارچێوه‌یه‌دا پابه‌ندیى خۆى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ڕاگه‌یاندووه".
ده‌رباره‌ى سه‌ردانى داهاتووى شاندى هه‌رێمى كوردستانیش بۆ به‌غدا، سه‌رۆك وه‌زیران ڕایگه‌یاند: "ئێمه چاوه‌ڕێى به‌غدا ده‌كه‌ین كه كاتێك بۆ كۆبوونه‌وه‌ى داهاتووى هه‌ردوولا ده‌ستینشان بكه‌ن. كه‌ى كاته‌كه ده‌ستنیشان كرا، شاندى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات".




