٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە هۆی زمانی كوردییەوە لە نێو پەرلەمانی توركیا دەمەقاڵە دروستبوو

سەرچاوە: KDP.info

تایبەت بە kdp.info/ ئەمرۆ پەرلەمانی توركیا بە شێوەیەكی رەسمی دەستی بە گفتووگۆ كرد سەبارەت بە پرۆژە یاسای بەرگریكردن لە زمانی كوردی كرد و لە كاتی دەستپێكردنی گفتووگۆكاندا لە نێو هۆڵی پەرلەماندا شەڕ و دەمقاڵە هاتە ئاراوە، پەرلەمانتارە كوردەكانی بەدەپە و پەرلەمانتارەكانی مەهەپە ( پارتی رەگەز پەرەستی توركی) هێرشیان كردە سەر یەكتر.

پەرلەمانتارەكانی مەهەپە لە سەرەتای دەستپێكردنی گفتووگۆكاندا بانگەشەی ئەوەیان كرد كە گفتووگۆكردن لە سەر ئەم پرۆژە یاسایە بە مانای گفتووگۆ كردن لە سەر پارچە كردنی توركیایە، چونكە لە توركیا تەنیا یەك زمانی رەسمی هەیە و ئەویش زمانی توركییە، هەر بۆیە نابێت بێجگە لەم زمانە لە نێو دامودەزگاكانی حكوومەتدا هیچ جۆرە زمانێكی دیكە بەكار بهێنرێت.

لە بەرامبەریشدا پەرلەمانتارە كوردەكانی بەدەپە بە توندی وەڵامی ئەم وتانەی پەرلەمانتارەكانی مەهەپەیان دایەوە و ئاماژەیان بەوە كرد كە قسە كردن بە زمانی دایكی مافێكی رەوا و سەرەتایی هەر كەسێكە و ئەوانیش كە دژایەتی ئەم مافە بكەن لە هەر جۆرە پێوەرێكی مرۆڤایەتی دوورن.

دواتر بە هۆی گوڕتر بوونی ئەم دەمقاڵەیەوە پەرلەمانتارەكانی هەر دوو پارتی لە نێو هۆڵی پەرلەماندا هێرشیان كردە سەر یەكتر و دواتر سەرۆكی پەرلەمان ناچار بوو كە دانیشتنەكە بۆ ماوەیەكی نادیار دوا بخات.

هەواڵی پەیوەندیدار