خەڵكی سنە گەنجێك لە سێدارەدان رزگار دەكەن

تایبەت بە kdp.info/ دوێنی بەرپرسانی گرتووخانەی ناوەندی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا بە خانەوادەی گەنجێكیكورد بە ناوی عومەر شەهبازی كە ساڵێك لەمەوبەر دەستگیر كرابوو، رایانگەیاند كە لە رۆژی چوارشەممە ناوبراو بە بریاری دادوەری دادگا لە سێدارە دەدرێت.
هاوكات لەگەڵ بیستنی ئەم هەواڵە كەسوكاری عومەر شەهبازی ئەم هەواڵەیان بە پەلە لە نێوان خزم و كەسوكارەكانی خۆیان و دانیشتوانی شاری سنەدا بڵاوكردەوە و هەر بۆیە لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە خەڵكی شاری سنە لە بەردەم گرتووخانەی ئەم شارەدا دەستیان بە خۆپیشاندانێكی بەرفراوان كرد.
هەرچەند هێزە ئەمنییەكان سەرەتا ویستیان بە زۆر ئەم خۆپیشاندانە بڵاو بكەنەوە، بەڵام خەڵكی خۆڕاگری سنە هێرشیكردە سەر هێزە ئەمنییەكان و دواتر هێزە ئەمنییەكان ناچار كران پاشەگەز ببنەوە و بەرپرسانی گرتووخانەی سنەش بە مەبەستی رازیكردنی خۆپیشاندەرەكان رایانگەیاند كە دادوەری دادگا لەم بریارە پەشیمان بووەتەوە و عومەر شەهبازی لە سێدارە نادرێـت.




