بۆ یەكەمین جار كوردێك بوو بە ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی تۆسییاد

تایبەت بە kdp.info/ ئەمرۆ گەورەترین رێكخراوی پیشەساز و بازرگانانی توركیا ناسراو بە تۆسییاد كۆتایی بە 43مین كۆنگرەی خۆی هێنا، هاوكات لەگەڵ كۆتایی هاتن بەم كۆنگرەیەدا قۆناخێكی نوێ لە مێژووی تۆسییاد دا دەستی پێكرد.
یەكەمین گۆرانكاری تۆسییاد لە دەستەی سەرۆكایەتییەوە دەستی پێكرد و لە مێژووی توركیا و تۆسییاددا بۆ یەكەمینجار كارسازێكی كورد بە ناوی تاركان قادئوغڵوو وەكو ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی ئەم رێكخراوە هەڵبژێردرا.
دوابەدوای هەڵبژاردنی بۆ ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی تۆسییاد تاركان قادئوغڵو لە وەڵامی پرسێكدا سەبارەت بە چاوپێكەوتنەكانی نێوان بەرپرسانی توركیا و ئۆجەلان بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد گوتی: من چ وەك تاكەكەس و چ وەك رێكخراوی تۆسییاد بەم چاوپێكەوتنانە زۆر گەشبینم و بەو پەڕی توانایی خۆمەوە پشتگیری لەم قۆناخە دەكەم.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە تاركان قادئوغڵو لە شاری جەزیرەی باكووری كوردستان لە دایكبووە و خاوەن 6 منداڵە و قۆناغە سەرەتاییەكانی قۆتابخانەی هەر لە جەزیرە بە كۆتا هێناوە و دواتر لە ئەمەریكا لەخوێندن بەردەوام بووە.




