وەزارەتی دادی توركیا چاوپێكەوتنی هاوسەرۆكەكانی بەدەپە و ئۆجەلانی رەتكردەوە

تایبهت به kdp.info/ دوابەدوای چاوپێكەوتنی هاوسەرۆكی كۆنگرەی دیموكراتیك ئەحمەد تورك و پارلەمانتاری بەدەپە ئایلا ئاتاك لەگەڵ سەرۆكی پەكەكە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە گرتووخانەی ئیمراڵیدا، ئەمجارەیان هەر دوو هاوسەرۆكەكانی بەدەپە و كونگرەی دیموكراتیكی گەلان داوای چاوپێكەوتنێكی یەك كاتژمێرییان لەگەڵ ئۆجەلان كرد و ئەم داواكارییەشیان رادەستی وەزارەتی دادی توركیا كرد.
پێشتر وەزارەتی دادی توركیا لە وەڵامی ئەم داواكارییەدا رایگەیاندبوو كە داواكارییەكە قەبووڵ كراوە و هاوسەرۆكەكانی بەدەپە و كونگرەی دیموكراتیك دەتوانن لە رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 23ی مانگ بە مەبەستی چاوپێكەوتن سەردانی ئیمراڵی بكەن.
بەڵام ئەمرۆ كاتێك كە هاوسەرۆكەكانی بەدەپە و كونگرەی دیموكراتیك ویستان بەرەو ئیمراڵی بەرێ بكەون، لە لایەن بەرپرسانی وەزارەتی دادی توركیاوە ئاگادار كرانەوە كە داواكارییەكەیان بە هۆی ئەوەیەوە كە ئەحمەد تورك لە دیاربەكر رەخنەی ئاراستەی سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغانی كردووە رەتكراوەتەوە، بۆتان نییە ئەم سەردانە پێك بهێنن.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە ئەحمەد تورك لە كاتی مەراسمی پێشوازیكردن لە تەرمی سێ ژنە تیرۆر كراوە كوردەكە لە دیاربەكر بە هۆی بەردەوام بوونی هێرشە ئاسمانییەكانی سوپای توركیاوە رەخنەی ئاراستەی سەرۆك وەزیری توركیا گردبوو.




