نێچیرڤان بارزانى: هێزه‌كانى ناوخۆ؛ ئه‌ركێكى پیرۆزیان له‌سه‌ر شانه

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، 24ى كانوونى دووه‌مى 2013، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، به‌شداریى له ڕێوڕه‌سمى ده‌رچوونى خولى یانزه‌هه‌مینى كۆلیژى پۆلیس له هه‌ولێر كرد.
له وته‌یه‌كدا كه به‌م بۆنه‌یه‌وه پێشكه‌شى كرد، سه‌رۆك وه‌زیران وێڕاى پیرۆزبایى له ده‌رچووانى خوله‌كه، ئاماژه‌ى به ڕۆڵ و ئه‌ركى پۆلیس له خزمه‌تكردن و پاراستنى سه‌ر و ماڵ و ئاسایشى هاووڵاتیان كرد و گوتى" ئێوه به‌رپرسیارن له به‌رامبه‌ر ئه‌زموون و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، به‌بێ به‌رپرسیارێتی؛ ناتوانن هه‌لومه‌رجی ئێستا بگۆڕن. به‌ڵێ ئێوه ده‌بێ داینه‌مۆی گۆڕانكارى بن، به‌ڵام گۆڕانكاریه‌ك بۆ باشتركردن. گۆڕانكاریى دروست؛ بریتیه له‌وه‌ی كه هه‌ر یه‌كێك ئه‌ركی خۆی ئه‌نجام بدات و دڵسۆزانه كاری خۆی ڕاپه‌ڕێنێت. ئه‌وه‌یه كه ئه‌وپه‌ڕی توانای خۆتان بخه‌نه گه‌ڕ، له‌وه‌دا كه تا ده‌توانن كه‌سانی چاكساز بن و به‌شی خه‌ڵكی بده‌ن له به‌رهه‌می ئه‌و ئه‌زموونه‌ی كه به ده‌ستتان هێناوه، كه ئه‌ویش بریتیه له پارێزگاریكردن له ماف و ئازادییه‌كانیان. دەبێ بزانین تێكوشان لە پیناو ئازادی‌دا ئەركێكی زۆر پیرۆزە، بەڵام پاراستنی ئەركێكی پیرۆزترە".
سه‌رۆك وه‌زیران باسى له گرنگیى چۆنیه‌تیى ڕه‌فتارى هێزه‌كانى پۆلیس كرد و ڕوونى كرده‌وه كه به‌بێ پشتیوانیی خه‌ڵك و ڕه‌زامه‌ندییان و خۆشه‌ویستیان بۆ ئه‌ركى پۆلیس، كاریان ئاسته‌م ده‌بێت. هه‌روه‌ها گوتى: "ئه‌گه‌ر ئێوه باوه‌ڕتان به‌وه هه‌یه كه هه‌موو ژیانه‌كان به‌هایه‌كی یه‌كسانیان هه‌یه، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه باوه‌ڕتان به‌وه‌ش هه‌یه كه پارێزگاریكردن له ژیانی هاووڵاتییان ده‌بێ به‌بێ جیاوازی بێت، هه‌روه‌ها مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیان بێ جیاوازی و مامه‌ڵه‌یه‌كی دروست بێت".
نێچیرڤان بارزانى، زیاتر ئه‌ركه‌كانى پۆلیسى به بیر هێنایه‌وه و ئاماژه‌ى به‌وه دا كه یه‌كێكى تر له ئه‌ركى پۆلیس بریتیه له كاركردن له‌پێناو پاراستن و زامنكردنی ئازادییه دیموكراتییه‌كان، مافه‌كانی مرۆڤ و به‌رجه‌سته‌كردنی ڕۆڵی ده‌زگاكانی كۆمه‌ڵگه‌ی شارستانی له هه‌رێمى كوردستان. هه‌روه‌ها بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاریی ئاسایش و وه‌دیهێنانی ته‌بایی له نێوان هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ و توێژه هه‌مه‌جۆره‌كانی كۆمه‌ڵگادا.
هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه ئامانج لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتی و خزمه‌تكردنی هه‌موو هاووڵاتییانه به شێوه‌یه‌كى دادپه‌روه‌رانه و به‌بێ جیاوازی. دووپاتیشى كرده‌وه كه ته‌نها ڕێگه بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه پیرۆزانه، بریتیه له سه‌روه‌ریی یاسا و گوتى: "یاسا نه‌خشه‌ڕێی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست و سه‌ركه‌وتووه، چونكه هه‌ر یاسایه ئه‌ركی هاووڵاتیان و ئه‌ركى ده‌سه‌ڵات پێكه‌وه گرێ ده‌دات و ده‌بێته بنچینه بۆ بنیاتنانی دامه‌زراوه".
سه‌رۆك وه‌زیران سوپاسى ئه‌رك و ماندووبوونى هێزه‌كانى ناوخۆى كرد و گوتى: "سوپاسى دووباره‌ى خۆم ئاراسته‌ى هه‌موو ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بكه‌م، له ئاسایش، له پۆلیس، له پێشمه‌رگه، له هه‌موو ئه‌و ده‌زگا ئه‌منیانه‌ى كه ناوم هێنان و ناوم نه‌هێنان، ئه‌وانه به شه‌ونخوونیى خۆیان، به ماندووبوونى خۆیان، ئه‌من و ئاسایشى ئه‌م وڵاته‌یان به‌جێ گه‌یاندووه. ئه‌ركێكى پیرۆزیان له‌سه‌ر شانه، هیوادارم خواى گه‌وره هه‌میشه سه‌ریان بخات، ته‌مه‌ندرێژ بن، سه‌ركه‌وتوو بن له‌و ئه‌ركه‌ى كه پێیان سپێردراوه. بێگومان هه‌م ئێمه و هه‌م كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان زۆر چاك ئاگادارى ئه‌و ئه‌ركانه‌ین، ئه‌و ئه‌ركانه‌ى كه ئه‌م به‌ڕێزانه، ئه‌م خۆشه‌ویستانه، له‌پێناو ئه‌من و ئاسایشى ئه‌م هه‌رێمه‌دا به‌جێى ده‌گه‌یه‌نن. دیسانه‌وه ڕێز و خۆشه‌ویستى و سوپاسم بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ى كه كار ده‌كه‌ن له ڕووى ئه‌منییه‌وه بۆ پاراستنى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌زموونه‌كه‌ى".
نێچیرڤان بارزانى به بیرى ده‌رچووانى هێنانه‌یه‌وه كه هه‌رچه‌نده ئێستا خولی یه‌كساڵه‌ی كۆلێژ كۆتایی پێهات، به‌ڵام فێربوون و خۆپه‌روه‌رده‌كردن هه‌رگیز كۆتاییان پێ نه‌هاتووه. هه‌روه‌ها پێى گوتن كه: "داهاتوو زیاترتان فێر ده‌كات و دڵنیا‌م له‌وه‌ى چاكتر فێرتان ده‌كات. له ئه‌زموونی ژیاندا، تاقیكردنه‌وه‌كان كرده‌ییتر و سه‌ختتر ده‌بن، بۆیه ده‌بێ به ئه‌ندازه‌یه‌ك كراوه بن؛ كه له هه‌ڵه‌كانتان و هه‌ڵه‌ی خه‌ڵكی دیكه‌وه فێر بن. ئه‌ركی ئێوه ئاسان نیه، ئه‌ركی ئێوه له ئاستی مه‌زنیی كه‌سایه‌تی و به‌رپرسیارێتیی ئێوه‌دایه".
سه‌رۆك وه‌زیران دواى له پۆلیس كرد كه له كاتى ڕاپه‌ڕاندنى ئه‌ركه‌كانیاندا؛ ده‌ست و دڵ نه‌رم بن و له به‌ر رۆشنیایى یاسادا بجوولێنه‌وه و گوتى: " كاتێك له‌گه‌ڵ گرفتێك، یان له‌گه‌ڵ كه‌سانێك ڕووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه، یان كاتێك له‌گه‌ڵ هاووڵاتییه‌ك كه نه‌هامه‌تییه‌كانی ژیان بێزاری كردووه، ده‌سته‌ویه‌خه ده‌بن، داواتان لێ ده‌كه‌م میهره‌بان بن. له‌گه‌ڵ گرفته‌كاندا مه‌جه‌نگن، به‌رهه‌ڵستكاری؛ ڕێگه‌چاره نیه، به‌ڵكو ده‌ست و په‌نجه له‌گه‌ڵ گرفته‌كاندا نه‌رم كه‌ن و هه‌میشه له ژێر ڕۆشنایی یاسادا هه‌نگاو بنێن".
نێچیرڤان بارزانى له دوایین به‌شى وتاره‌كه‌یدا پیرۆزبایى یادى له‌دایكبوونى پێغه‌مبه‌رى ئیسلام حه‌زره‌تى موحه‌ممه‌د (د.خ) له‌سه‌ر بێت، له گه‌لى كوردستان و هه‌موو گه‌لانى موسڵمان كرد وهیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ ده‌رچووانى خوله‌كه خواست و خه‌ڵاتى به‌خشییه یه‌كه‌مه‌كانى ئه‌م خوله‌ى ده‌رچووانى پۆلیس.
ئه‌مه ده‌قى وتارى نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستانه:
به‌ڕێزان ده‌رچوانی كۆلێژی پۆلیس،
به‌یانیتان باش، هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن، به‌سه‌ر چاو.
جێگه‌ی شانازییه كه له خزمه‌ت ئێوه‌دا، ئه‌م وتاره پێشكه‌ش ده‌كه‌م، ئه‌مڕۆ هه‌موومان به بۆنه‌ی كۆتایی هاتنی خولی یانزه‌هه‌مینه‌وه، ئاهه‌نگ ده‌گێڕین. دڵنیا‌م كه ئه‌م خوله ئێوه‌ی ئاماده كردووه، بۆ ئه‌و به‌پرسیاریه‌تیانه‌ی كه حكوومه‌تی هه‌رێمى كوردستان پێتان ده‌سپێرێت.
ئه‌م ئاهه‌نگه بۆ دوو سه‌ركه‌وتنه، یه‌كه‌م بۆ ئه‌و هه‌وڵ و كۆششه‌یه كه ئێوه‌ی گه‌یاندۆته ئێره، دووه‌میش بۆ ئه‌و هه‌وڵ و كۆششه‌یه كه لێره به‌دواوه ده‌ست پێده‌كات. ئێستا ئێوه وه‌ك ئه‌ندامانی هه‌ڵسوڕاو و به‌شدار؛ خزمه‌ت پێشكه‌ش به ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.
وه‌ك ده‌ستپێكێكی كورت و وه‌ك بیرخستنه‌وه‌یه‌ك، ده‌مه‌وێ باس له‌و بنه‌مایه بكه‌م كه‌كۆلێژی پۆلیس ئێوه‌ی له‌سه‌ر په‌روه‌رده كردووه، كه ئه‌ویش بریتیه له به‌رپرسیارێتی. له سه‌رتان پێویسته ڕێز له‌و به‌رپرسیارێتیه بگرن، كە پێگه‌تان له ژیاندا بۆ ئێوه‌ی دروست كردووه. ئێوه به‌رپرسیارن له به‌رامبه‌ر ئه‌زموون و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، به‌بێ به‌رپرسیارێتی؛ ناتوانن هه‌لومه‌رجی ئێستا بگۆڕن. به‌ڵێ ئێوه ده‌بێ داینه‌مۆی گۆڕانكارى بن، به‌ڵام گۆڕانكاریه‌ك بۆ باشتركردن. گۆڕانكاریى دروست؛ بریتیه له‌وه‌ی كه هه‌ر یه‌كێك ئه‌ركی خۆی ئه‌نجام بدات و دڵسۆزانه كاری خۆی ڕاپه‌ڕێنێت. ئه‌وه‌یه كه ئه‌وپه‌ڕی توانای خۆتان بخه‌نه گه‌ڕ، له‌وه‌دا كه تا ده‌توانن كه‌سانی چاكساز بن و به‌شی خه‌ڵكی بده‌ن له به‌رهه‌می ئه‌و ئه‌زموونه‌ی كه به ده‌ستتان هێناوه، كه ئه‌ویش بریتیه له پارێزگاریكردن له ماف و ئازادییه‌كانیان. دەبێ بزانین تێكوشان لە پیناو ئازادی‌دا ئەركێكی زۆر پیرۆزە، بەڵام پاراستنی ئەركێكی پیرۆزترە.
هه‌میشه له یادتان بێت كه كه‌مێك له دڵسۆزی و دڵنه‌رمی و ڕووخۆشی، دڵی ژماره‌یه‌كی زۆر له خه‌ڵك ده‌جوڵێنێت. ده‌مه‌وێ بڵێم: به‌بێ پشتیوانیی خه‌ڵك و ڕه‌زامه‌ندییان و خۆشه‌ویستیان بۆ ئه‌و ئه‌ركه‌ی كه ئێوه ڕایده‌په‌ڕێنن، كاری ئێوه ئاسته‌م ده‌بێت. ئه‌گه‌ر ئێوه باوه‌ڕتان به‌وه هه‌یه كه هه‌موو ژیانه‌كان به‌هایه‌كی یه‌كسانیان هه‌یه، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه باوه‌ڕتان به‌وه‌ش هه‌یه كه پارێزگاریكردن له ژیانی هاووڵاتییان ده‌بێ به‌بێ جیاوازی بێت، هه‌روه‌ها مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیان بێ جیاوازی و مامه‌ڵه‌یه‌كی دروست بێت.
ئاشكرایه كه به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م بڕوانامه‌یه‌تان؛ هه‌وڵێكی زۆری ویستووه. وه‌ك كاری هه‌میشه‌یی خۆم، له نزیكه‌وه چاودێریی كار و چالاكیه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌تانم كردووه. ماوه‌یه‌ك پێش ئه‌وه‌ی بێم بۆ خزمه‌تتان، چه‌ند دۆكیومێنتێكم له‌مه‌ڕ كۆلێژه‌كه‌تان خوێنده‌وه. به پێی په‌یڕه‌و، ئێوه ڕۆژانه دوو كاتژمێر مه‌شقتان له‌سه‌ر چه‌كی تایبه‌ت به ئه‌ركی پۆلیس ئه‌نجام داوه، هه‌روه‌ها چوار كاتژمێر له‌سه‌ر بابه‌ته یاساییه‌كان و وانه‌كانی مافی مرۆڤ و تیرۆر و دژه‌تیرۆر و ئه‌ركه‌كانی پۆلیس به‌رامبه‌ر به هاووڵاتییان و كۆمه‌ڵگای شارستانی، وانه‌تان وه‌رگرتووه. له‌مه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه چه‌نده له‌سه‌ر پۆلیس پێویسته بزانێت چه‌ك به‌كار بێنێت، دوو ئه‌وه‌نده‌ش له‌سه‌ری پێویسته كه بزانێ بۆچی و له‌پێناو چ ئامانجێكدا به‌كاری ده‌هێنێت.
چه‌ند هێز پێویسته، دوو ئه‌وه‌نده‌ش هزر، چه‌نده ژیری و عه‌قڵ پێویسته، دوو ئه‌وه‌نده‌ش خۆشه‌ویستی و عه‌شق بۆ كارى ئێوه و خودی مرۆڤەكان پێویسته. كاری ئێوه مه‌شقى هێز و بازوو نیه، به‌ڵكو نیشاندانی سۆز و خۆشه‌ویستییه بۆ هاووڵاتییان. ئێوه ده‌بێ هێزتان به‌كاربێنن له خۆشویستنی خه‌ڵك و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان. ئه‌مه‌ش ده‌بێ له نێو چوارچێوه‌یه‌كی یاساییدا بێته ئاراوه.
با له‌و باره‌یه‌وه سه‌رنجتان ڕابكێشم بۆ یاسای ژماره شه‌شی ساڵی 2009، یاسای وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، كه ئێوه‌ش به‌شێكی گرنگن له په‌یكه‌ر‌ی ئه‌و وه‌زاره‌ته، بۆیه ئامانجه‌كانی؛ ئامانجی ئێوه‌یه، ئه‌ركه‌كانیش ئه‌ركی ئێوه‌ن. له مادده‌ی دووه‌مدا هاتووه: ئه‌ركی سه‌ره‌كیتان بریتیه له جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی گشتیی حكوومه‌تی هه‌رێمى كوردستان و پاراستنی ئاسایشی گشتی، كه ئه‌مه‌ش به‌رجه‌سته ده‌بێ له كاركردن له‌پێناو چه‌سپاندنی سه‌روه‌ریی یاسا و پارێزگاریكردن له سیستمی گشتی و پاراستنی سامانی گشتی و تایبه‌تی.
هه‌روه‌ها له هه‌مان مادده‌دا ئه‌ركی ئێوه ڕۆشنه، كه بریتیه له كاركردن له‌پێناو پاراستن و زامنكردنی ئازادییه دیموكراتییه‌كان، مافه‌كانی مرۆڤ و به‌رجه‌سته‌كردنی ڕۆڵی ده‌زگاكانی كۆمه‌ڵگه‌ی شارستانی له هه‌رێمى كوردستان. هه‌روه‌ها ئه‌ركتان بریتیه له بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاریی ئاسایش و وه‌دیهێنانی ته‌بایی له نێوان هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ و توێژه هه‌مه‌جۆره‌كانی كۆمه‌ڵگادا.
ئامانج لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیانه. ئامانج ئاشتی و خزمه‌تكردنی هه‌موو هاووڵاتییانه به شێوه‌یه‌كى دادپه‌روه‌رانه و به‌بێ جیاوازی. ته‌نها ڕێگه‌ش بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه پیرۆزانه، بریتیه له سه‌روه‌ریی یاسا. به‌ڵێ یاسا نه‌خشه‌ڕێی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست و سه‌ركه‌وتووه، چونكه هه‌ر یاسایه ئه‌ركی هاووڵاتیان و ئه‌ركى ده‌سه‌ڵات پێكه‌وه گرێ ده‌دات و ده‌بێته بنچینه بۆ بنیاتنانی دامه‌زراوه.
یه‌كێك له ئامانجه‌كانی ئه‌م كابینه‌یه و كابینه‌كانى پێشترى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان؛ به‌دامه‌زراوه‌ییكردن بووه. سه‌باره‌ت به وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌دامه‌زراوه‌ییبوونى؛ ده‌ڵێم: ئێوه ڕووه زیندووه‌كه‌ی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ن كه دوو جۆر له به‌رپرسیارێتیتان هه‌یه: یه‌كه‌م: به‌رامبه‌ر به‌و دامه‌زراوه‌یه‌ی كه نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن، دووه‌میش: به‌رامبه‌ر به‌و خه‌ڵكه‌ی كه كۆشش ده‌كه‌ن بۆ خزمه‌تكردن و پاراستنیان. من هه‌م دڵنیا‌م، هه‌م متمانه‌م هه‌یه. دڵنیا‌م له‌وه‌ی كه كۆلێژی پۆلیس ئێوه‌ی به چاكترین شێوه ئاماده كردووه، متمانه‌ى ته‌واویشم به توانا و لێهاتوویی و دڵسۆزیتان هه‌یه، كه ئێوه‌ش به باشترین شێوه خزمه‌ت ده‌كه‌ن له‌پێناو كورد و كوردستاندا.
بۆ ئه‌وانه‌تان كه ڕێگه‌ی خزمه‌ت ده‌گرنه به‌ر، پێویسته ئه‌و ئه‌ركه وه‌ك یه‌كێك له به‌رزترین ئامانجه‌كان بۆ خۆتان په‌سند بكه‌ن. خزمه‌ت پێناسه ده‌كه‌م به هه‌ڵوێستی دروست، به له‌به‌رچاوگرتنی ڕێوشوێنه یاسایی و ئه‌خلاقییه‌كان. هه‌ڵوێست نواندن بۆ چه‌سپاندنی یاسا و به‌رپاكردنی ئاسایش كه به دڵنیاییه‌وه ئه‌وه به‌بێ قوربانیدان نابێ. ئه‌مه‌ش بریتیه له هه‌نگاونان به‌ره‌و بنیاتنانی ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی.
من ده‌مه‌وێ لێره‌وه به بیر بێنمه‌وه و سوپاسى دووباره‌ى خۆم ئاراسته‌ى هه‌موو ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بكه‌م، له ئاسایش، له پۆلیس، له پێشمه‌رگه، له هه‌موو ئه‌و ده‌زگا ئه‌منیانه‌ى كه ناوم هێنان و ناوم نه‌هێنان، ئه‌وانه به شه‌ونخوونیى خۆیان، به ماندووبوونى خۆیان، ئه‌من و ئاسایشى ئه‌م وڵاته‌یان به‌جێ گه‌یاندووه. ئه‌ركێكى پیرۆزیان له‌سه‌ر شانه، هیوادارم خواى گه‌وره هه‌میشه سه‌ریان بخات، ته‌مه‌ندرێژ بن، سه‌ركه‌وتوو بن له‌و ئه‌ركه‌ى كه پێیان سپێردراوه. بێگومان هه‌م ئێمه و هه‌م كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان زۆر چاك ئاگادارى ئه‌و ئه‌ركانه‌ین، ئه‌و ئه‌ركانه‌ى كه ئه‌م به‌ڕێزانه، ئه‌م خۆشه‌ویستانه، له‌پێناو ئه‌من و ئاسایشى ئه‌م هه‌رێمه‌دا به‌جێى ده‌گه‌یه‌نن. دیسانه‌وه ڕێز و خۆشه‌ویستى و سوپاسم بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ى كه كار ده‌كه‌ن له ڕووى ئه‌منییه‌وه بۆ پاراستنى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌زموونه‌كه‌ى.
ئه‌گه‌ر له‌نێو كۆمه‌ڵگادا كەسانێك هه‌ن ته‌نها به گوتار پارێزگاری له ماف و ئازادییه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌وا ئێوه به كردار ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌تان گرتۆته ئه‌ستۆ و گیانتان كردووه به قه‌ڵغان، بۆ پاراستنی ئاشتی و ئارامی. قسه‌یه‌كى دیكه‌م بۆ ئێوه ئه‌وه‌یه، چ له‌ناو دامه‌زراوه و چ له‌ناو خه‌ڵكدا، له كاتی ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانتاندا، هه‌وڵ بده‌ن تواناكانتان ئاراسته‌ی خاڵه هاوبه‌شه‌كان بكه‌ن، به‌م شێوه‌یه ده‌توانن به‌رامبه‌ر یه‌كتری لێبورده بن و؛ بۆ خه‌ڵك جڤاتێك ئاوا بكه‌ن، كه تێیدا جیاوازەكان پێكه‌وه ئاهه‌نگ ده‌گێڕن.
خۆشه‌ویستان، وه‌ك یه‌كه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئه‌ركتان پڕه له به‌رپرسیارێتی، هه‌ندێك جار شكست ده‌هێنن و هه‌ندێك جار ئاسته‌نگ دێته ڕێگه‌تان، به‌ڵام شكست؛ ئه‌زموونه‌كانتان ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌كات و لێیه‌وه فێر ده‌بن، ئاسته‌نگیش به‌هێزترتان ده‌كات و تواناتان پێده‌به‌خشێ بۆ خزمه‌تكردنى باشتر به كۆمه‌ڵگه.
به‌ڵێ كه‌موكوڕى هه‌ن، هه‌ندێكیان په‌یوه‌ندی به سروشتی سیاسیى هه‌رێمه‌وه هه‌یه، هه‌ندێكیشیان په‌یوه‌ندى به قۆناغی گوزه‌ره به‌ره‌و دیموكراسی و، هه‌ندێكیش كه‌ڵه‌كه‌بووی كابینه یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانی هه‌رێمى كوردستانن، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه په‌یوه‌ندییان به وه‌زاره‌تی ناوخۆوه هه‌یه.
پێویسته شێوه حوكمڕانییه به‌راییه‌كانی پێشوو تێپه‌ڕێنین و؛ ئه‌زموونێكی پێشكه‌وتوو ئاوا بكه‌ین، بۆ ئه‌مه‌ش پێویستیمان به په‌روه‌رده‌كردن هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كان له لایه‌ن كه‌سانی پێگه‌یه‌ندراوه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێن. ئێوه ده‌بێ ئه‌م به‌رپرسیارێتیه بگرنه ئه‌ستۆ، به‌مه‌ش حكوومه‌ت یه‌كێك له ئامانجه‌كانی كه بریتییه له به‌دامه‌زراوه‌ییكردن دێته ئاراوه.
له كۆتاییدا ده‌ڵێم، هه‌رچه‌نده ئێستا خولی یه‌كساڵه‌ی كۆلێژ كۆتایی پێهات، به‌ڵام فێربوون و خۆپه‌روه‌رده‌كردن هه‌رگیز كۆتاییان پێ نه‌هاتووه. داهاتوو زیاترتان فێر ده‌كات و دڵنیا‌م له‌وه‌ى چاكتر فێرتان ده‌كات. له ئه‌زموونی ژیاندا، تاقیكردنه‌وه‌كان كرده‌ییتر و سه‌ختتر ده‌بن، بۆیه ده‌بێ به ئه‌ندازه‌یه‌ك كراوه بن؛ كه له هه‌ڵه‌كانتان و هه‌ڵه‌ی خه‌ڵكی دیكه‌وه فێر بن. ئه‌ركی ئێوه ئاسان نیه، ئه‌ركی ئێوه له ئاستی مه‌زنیی كه‌سایه‌تی و به‌رپرسیارێتیی ئێوه‌دایه.
دوا بیرهێنانه‌وه‌م بۆ ئێوه با ئه‌وه بێت، كه كاتێك له‌گه‌ڵ گرفتێك، یان له‌گه‌ڵ كه‌سانێك ڕووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه، یان كاتێك له‌گه‌ڵ هاووڵاتییه‌ك كه نه‌هامه‌تییه‌كانی ژیان بێزاری كردووه، ده‌سته‌ویه‌خه ده‌بن، داواتان لێ ده‌كه‌م میهره‌بان بن. له‌گه‌ڵ گرفته‌كاندا مه‌جه‌نگن، به‌رهه‌ڵستكاری؛ ڕێگه‌چاره نیه، به‌ڵكو ده‌ست و په‌نجه له‌گه‌ڵ گرفته‌كاندا نه‌رم كه‌ن و هه‌میشه له ژێر ڕۆشنایی یاسادا هه‌نگاو بنێن.
ده‌مانه‌وێ حكوومه‌تی هه‌رێم؛ حكوومه‌تى كارا و به دامه‌زراوه بێت، یه‌كێك له بونیاده سه‌ره‌كیه‌كانی په‌یكه‌ر‌ی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی دیموكرات، ئه‌وه‌یه كه هێزێكی په‌روه‌رده‌كراوی هه‌بێت له‌سه‌ر بنه‌ماكانی ڕێزگرتن له ماف و ئازادییه‌كان و پێكه‌وه‌ژیان و ته‌بایی و لێبورده‌یی. وه‌ك حكوومه‌ت چاوه‌ڕوانیی زۆرمان له ئێوه هه‌یه و چاوه‌ڕوانییه‌كانی خه‌ڵك زۆر زیاترن. هیوادارم له ئاست ئه‌و چاوه‌ڕوانیانه‌دا بن.
دووباره له‌م ڕۆژه‌دا كه ڕۆژى له‌دایكبوونى پێغه‌مبه‌رى ئیسلامه (د.خ) پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌م، هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه پیرۆزبایى له هه‌موو گه‌لى كوردستان و هه‌موو گه‌لانى موسڵمان ده‌كه‌م، ئیوه‌ش هه‌ر شاد و سه‌رفراز و سه‌ركه‌وتوو بن، له‌پێناو خزمه‌تكردنى وڵاته‌كه‌تاندا. دیسانه‌وه پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌م و به‌خێر بێن به‌سه‌ر چاو.




