٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەر كەسێك گلەیی لە مەڕ رێگایەكی دەرەكی پارێزگای هەولێر هەیە با باسی بكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- تایبەت بە kdp.info/ لەماوەی ساڵی 2012 دا ئەو بەڕێوەبەرایەتیەی كە ئەركی چاككردنەوەو پاراستنی رێگاو پردەكانی دەرەوەی سنوری شارەوانییەكانی پارێزگای هەولێری پێسپێردراوە بایی زیاتر لە 20 ملیار دینار پرۆژەی ئەنجامداوەو بەڕێوەبەری ئەو بەرێوەبەرایەتییە خزمەتگوزاریەش دەڵێـت هەر كەسێك گلەیی هەیە با باسی بكات.

ئاگرین عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاكردن و پاراستنی پارێزگای هەولێر لەلێدوانێكیدا بۆkdp.infoگوتی: ئەركی بەڕێوەبەرایەتییەكەمانە كە سەرجەم رێگاكانی دەرەوەی سنوری شارەوانییەكانی پارێزگای هەولێر چاك بكاتەوە و ساڵانە بە دەیان پرۆژە لەو چوارچێوەیەدا ئەنجام دەدەین و ئەمەش دوای ئەوەی خۆمان لەمیانەی بەدواداچوونەكانمان هەست بە خراپبوونی رێگایەك یاخود پردێك دەكەین یاخود لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكان و هاووڵاتیانەوە ئاگادار دەكرێینەوە.

 سەبارەت بە بڕی ئەو پارەیەی كە لە ماوەی ساڵی رابردوو لە پرۆژەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان خەرجیان كردووەو ژمارەی پرۆژەكان ناوبراو گوتی: لەماوەی ساڵی 2012 دا زیاتر لە 54 پرۆژەمان بە گوژمەی زیاتر لە 20 ملیار دینار لە سنوری پارێزگای هەولێر ئەنجامداوە كە بڕی پارەكە بەشێكی لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو بەشەكەی تریش لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكەمان تەرخان كراوە.

 ناوبراو گوتیشی: داوا لە هاووڵاتیان دەكەین ئەگەر زانیاریان هەیە یاخود گلەییان لەمەڕ خراپبوونی رێگایەكی دەرەكی یاخود دەرەوەی سنوری شارەوانییەكانی پارێزگای هەولێر هەیە با سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان بكات، یاخود سەردانی ناحیەو قائیمەقامیەتی نزیك لە رێگاكە بكات بۆ ئەوەی ئێمە رێوشوێنی پێویست بۆ چاككردنەوەی رێگاكە بگرینە بەر.

بڕوا بەزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار