٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانى و د.به‌رهه‌م ساڵح له‌گه‌ڵ رێكخه‌رى گشتى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان كۆبوونه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

له‌ به‌رده‌وامی دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانیاندا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى ئۆپۆزسیۆن له‌ هه‌رێمى كوردستان، پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 23ى كانوونى دووه‌مى 2013، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان و د.به‌رهه‌م ساڵح جێگرى دووه‌مى سكرتێرى گشتیى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان، له‌ سلێمانى له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌رى گشتیى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان كۆبوونه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ له‌ كه‌شێكى ئه‌رێنى و كراوه‌دا به‌ڕێوه‌ چوو، باس له‌ بارودۆخ و پرۆسه‌ى سیاسیى هه‌رێمى كوردستان و ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى ئێستاى ناوچه‌كه‌ به‌ گشتى و عیراق به‌ تایبه‌تى كرا و هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ بارودۆخه‌كه‌ هه‌ستیاره‌ و له‌م ره‌وشه‌ى ئێستادا هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر له‌ سه‌ر پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانى و چاره‌نووسسازكان و بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و مه‌ترسیانه‌ى كه‌ هه‌ن، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنى به‌رژوه‌ندییه‌كانى ئێستا و داهاتووى هه‌رێمى كوردستان، پێویستى به‌ یه‌كده‌نگى و یه‌كهه‌ڵوێستیى هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌.

ده‌رباره‌ى پرۆسه‌ى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان و ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ش كه‌ هه‌ن، جه‌خت له‌سه‌ر پێویستیى چاره‌سه‌ركردنیان و دۆزینه‌وه‌ى میكانیزمى گونجاو بۆ چۆنیه‌تیى چاره‌سه‌ركردنیان كرایه‌وه‌ و هه‌ردوولاش له‌ سه‌ر دۆزینه‌وه‌ى ئه‌و میكانیزمه‌ رێككه‌وتن. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ و دواى كۆتایى هاتنى كۆبوونه‌وه‌كه‌، له‌ وه‌ڵامى پرسیارى رۆژنامه‌نووساندا، نێچیرڤان بارزانى گوتى: رێككه‌وتین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ میكانیزمێك دابنێین بۆ ئه‌نجامدانی‌ گفتوگۆى زیاتر له‌سه‌ر هه‌موو پرسه‌كان ‌و بڕیاره‌ له‌ ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا وه‌ڵاممان بدرێته‌وه‌ كه‌ میكانیزمه‌كه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ك ده‌بێت، كه‌ ئه‌و میكانیزمه‌ش دیاری كرا، گفتوگۆ ده‌ست پێده‌كه‌ین. نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: وه‌ك لایه‌نه‌كان داده‌نیشن، ئه‌وه‌ی‌ له ‌به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی‌ كورددا بێت، ئه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.

لاى خۆیه‌وه‌ د.به‌رهه‌م ساڵح جێگرى دووه‌مى سكرتێرى گشتیى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان ئاماژه‌ى به‌وه ‌دا كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به ‌وردی باسیان له‌ میكانیزمی‌ جێبه‌جێكردن‌ و به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی‌ پرۆسه‌ی‌ گفتوگۆ و دیالۆگی‌ نیشتمانی‌ كرد و كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ پرسه‌ نیشتمانییه‌كان پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ركردن هه‌یه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له ‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستاندا.

هەواڵی پەیوەندیدار