سەرۆكی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی راپەراندنی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل كۆبۆوە

بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان ئەمرۆ سێشەممە 22/1/2013 هاوڕێ لەگەڵ ئەو شاندەی یاوەریی جەنابیان دەكەن گەیشتە سویسرا. لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ سویسراو بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆربەندی ئابووری جیهانی كە لە داڤۆس دەبەسترێ، ئەمرۆ چاوی بە بەڕێز رێكس پیلەرسۆن سەرۆكی ئەنجوومەنی راپەڕاندنی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل كەوت. لە دیدارێكدا سەرۆكی ئەنجوومەنی راپەڕاندنی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل باسی لە چالاكییەكانی كۆمپای ئیكسۆن مۆبیل كرد، كە ماوەیەكە لە هەرێمی كوردستان كاری دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت دەكات.
ئەمە و بەر لەوەی سەرۆك بارزانی بەرەو سویسرا بەڕێ بكەوێ، جەنابیان لە ئەڵمانیا سەردانی فەخامەتی سەرۆك كۆمار جەلال تاڵەبانی كرد بە مەبەستی ئەحواڵ پرسین و ئاگاداربوون لەو رێوشوێنە پزیشكیانەی گیراونەتە بەر بۆ چارەسەركردنی سەرۆك كۆمار، سەرۆك بارزانی زۆر خۆشحاڵ بوو بە باشتربوونی رەوشی تەندروستی فەخامەتی سەرۆك تاڵەبانی و ئەو چارەسەركردن و رێوشوێنە پزیشكیانەی بۆیان دانراوە.




