بەمەبەستی جێبەجێكردنی پلانی ستراتیژیەتی نیشتمانی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان و وەزارەتی پەروەردە هەماهەنگی دەكەن

هەولێر- تایبەت بە kdp.info/ ئەمڕۆ سێشەممە 22/1/2013 لە بارەگای ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان لە هەولێر، ئەمەل جەلال و پەروین حەسەن و نازدار عارف ئەندامانی ئەنجوومەن، لەگەڵ شاندێكی وەزارەتی پەروەردە كۆبوونەوە، كە پێكهاتبوو لەجەلال هەمزە كاكەشین بەڕێوەبەری گشتی سەرپەرشتیكردنی پەروەردەیی و ئاراس نەجمەدین بەڕێوەبەری گشتی پرۆگرامەكان و نەورۆز حەوێزی نوێنەری وەزارەتی پەروەردە لە ئەنجوومەنی باڵای خانمان و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەری بەشە جیاجیاكانی وەزارەتی پەروەردە.
ئەمەل جەلال هەماهەنگی نێوان ئەنجوومەنی خانمان و وەزارەتی پەروەردەی بە گرنگ و پڕ بایەخ وەسفكرد بۆ گەشەپێدانی رەوشی كچان لە ناوەندەكانی خوێندن و ئاماژەی بۆ گرنگی بڵاوكردنەوەی چەمكی ناتوندوتیژی خێزانی كرد لە قوتابخانەكان، لە رێگەی دانانی پرۆگرام و میكانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێكردنی ستراتیژیەتی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی.
بڕیاریش وایە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی پەورەردەو ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان فراوانتر بكرێت بۆ سەرخستنی پلانی ستراتیژیەتی نیشتمانی لە بەرژەوەندی نەهێشتنی توندوتیژی دژی رەگەزی مێینەو بڵاوكردنەوەی بنەماكانی هاوژیانی و لێبووردەیی و رێزگرتن لە بەهاكانی مافی مرۆڤ.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا جەلال هەمزە كاكەشین ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە وەزارەتی پەروەردە بەهەماهەنگی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان پلانێكی تۆكمە دادەڕێژێت بۆ سەرخستنی ستراتیژیەتی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی كە راستەوخۆ لەلایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پاڵپشتی دەكرێت.
دلێر ئیبراهیم




