توركان شوورای: ئیتر با ئاشتی سەقامگیر بێت

تایبەت بە kdp.info/ گەورە ئەستێرەی ناوداری سینەمای توركیا توركان شوورای سەبارەت بە چاوپێكەوتنەكانی نێوان حكوومەت و عەبدوڵڵا ئوجەلان بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد گوتی: لەوەتەی من لە توركیا دەژیم ئەمە یەكەمینجارە كە ببینم دەوڵەتی توركیا هەنگاوێكی بەمجۆرە عاقڵانە بهاوێژێت.
توركان شوورای ئاماژەی بەوە كرد كە پرسی كورد پرسێكی یەكجار گرنگ و سەرەكی توركیایە و ئەگەر توركیا ئەم پرسە چارەسەر نەكات هەر خۆی زەرەرمەند دەبێت.
شوورای لە درێژەی وتەكانی خۆیدا سەرەڕای ئەوەی كە پشتگیری خۆی بۆ چاوپێكەوتنەكانی نێوان دەوڵەت و ئۆجەلان دیار كرد ئاماژەیشی بەوە كردووە كە ئیتر بەسە با كەم خوێنی لاوانی ئەم وڵاتە چ كورد چ تورك برژێت، هەر دوو لا هەر هاووڵاتی توركیان و رژاندنی خوێنی ئەوان هەر بە زەرەری توركیایە.
ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە ئێستا زۆربەی هەرە زۆری پێكهاتەكانی توركیا بە هەر هەموو جۆرەكانییەوە داوای ئاشتی و ئارامی دەكەن و هەر بۆیە منیش وەكو ئەندامێكی یەكێك لەم پێكهاتانە داوا لە بەرپرسانی توركیا دەكەم و دەڵێم بەسە ئیتر با ئاشتی باڵ بە سەر وڵاتدا بكێشێت.




