دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان لەدەرەوەی هۆڵی سەرەكی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت

تایبەت بە kdp.info /وابڕیارە ئەم چوارشەمەیە پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێكی ئاسایی بۆ گفتوگۆكردن و خوێندنەوەی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2013 ی هەرێمی كوردستان بكات، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی كەوتۆتە دەست kdp.info ئەو دانیشتنەو چەند دانیشتنێكی دیكەی رۆژانی ئایندە لە هۆڵە ئاساییەكەی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەناچێت، بەڵكو دانیشتنەكە دەبردرێتە دەرەوەی ئەو هۆڵەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی كەوتۆتە دەست kdp.info بەهۆی كۆنی و بچوكی هۆڵی سەرەكی پەرلەمانی كوردستان ماوەی دوو مانگە دەستكراوە بە نۆژەنكردنەوەو گەورەكردنی هۆڵەكە بۆ ئەوەی جگە لە ئەندامانی پەرلەمان جێگای ئەو بەرپرس و كەسایەتیانە ببێتەوە كە بانگێشتی پەرلەمان دەكرێن، یاخود دەبنە میوانی دانیشتنێكی پەرلەمان، بەپێی ئەو زانیاریانەی كە دەستكەوتوون پێشووتر ماوەی دوومانگ دانرابوو بۆ ئەوەی سەرجەم كارەكانی نۆژەنكردنەوەو گەورەكردنی هۆڵی سەرەكی دانیشتنەكانی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا بەشێك لەكارەكانی ئەو پرۆژەیە ماوە، بۆیە بەناچاری دەبێت پەرلەمانی كوردستان دانیشتنەكانی لەدەرەوەی هۆڵی سەرەكی ئەنجام بدات.
تارق جەوهەر راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان تایبەت بۆ kdp.infoگوتی: بەهۆی كاركردن لە هۆڵی سەرەكی دانیشتنی ئەم هەفتەیە واتا چوارشەمە كە تایبەتە بە گفتوگۆكردن لەسەر بودجەی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان لەو هۆڵە بەڕێوە ناچێت، بەڵكو هۆڵێكی دیكە لە نهۆمی خوارەوەی ئەو هۆڵەوە هەیە و بە شێوەیەكی كاتی دانیشتنەكان لەو هۆڵە بەڕێوەدەچێت تا كاری نۆژەنكردنەوەی هۆڵی سەرەكی پەرلەمانی كوردستان تەواو دەبێت.
بڕوا بەرزنجی




