وەزارەتی شارەوانی و گهشتوگوزار ئەمساڵ 603 پرۆژە بەبڕی زیاتر لە 1 تریلۆن دینار جێبەجێ دەكات

هەولێر-kdp.info / دوێنێ لە شاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دڵشاد شەهاب وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناوەڕۆك و داتای پرۆژەكانی ئەمساڵی وەزارەتەكەی بۆ رۆژنامەنووسان شیكردەوە، ههروهها كۆی گشتی ئەو بودجەیەی كە بۆ وەزارەتی ناوبراو تەرخانكراوە، ئاماژهشی به چۆنیەتی خەرجكردنی بڕی پارەكە كرد.
لەمیانەی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا دڵشاد شەهاب وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی: سەرجەمی ئەو بودجەیەی ئەمساڵ بۆ وەزارەتەكەمان تەرخانكراوە بریتیە لە 558 ملیار و 993 ملیۆن دینار لەو بڕەش 291 ملیار و993 بۆ مووچەی گشتی وەزارەت و 297 ملیار و 701 ملیۆن دینارەكەی دیكهش بۆ خاوێنكردنەوەی شارەكان و چاككردنی رێگاوبان و كڕینی ئامێرە، گوتیشی: تێكڕای پرۆژەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار 980 پرۆژەیە و كە ئێستا337 پرۆژەیان تەواوكراون و 525 پرۆژەش لەبواری جێبەجێكردندان و بەردەوامن، بەڵام بۆ ئەمساڵ 78 پرۆژە پێشنیار كراوە.
لە درێژەی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی: بودجەی وەزارەتەكەیان بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دابەشكراوە لە %43 ی بۆ سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و لە %57 یشی بۆ پارێزگاكانی هەولێر و دهۆكە.
ههر لەمیانەی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا دڵشاد شەهاب گوتی: ئەمساڵ گرنكیەكی زۆرمان بە لایەنی ئاو و ئاوەڕۆیە بۆیە لە %70 ی پرۆژەكانی ئەمساڵی وەزارەت بۆ ئەوبوارە تەرخان كراوە.
گوتیشی: بۆ ئەمساڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە كوژمەی 1تریلۆن و 300 ملیار دینار 603 پرۆژە جێبەجێ دەكات.
بڕوا بەرزنجی




