سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت كۆبوونه‌وه

پاش نیوه‌رۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 21/1/2013 د.ئه‌رسه‌لان بایز سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازی له نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه به ئاماده‌بوونی د.حه‌سه‌ن محه‌ه‌مد سووره جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و فه‌رسه‌ت ئه‌حمه‌د سكرتێری په‌رله‌مان و سه‌عد خالد وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان و سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له ڕاوێژكارانی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت به‌ڕێوه‌چوو، به وردی بیروڕا له‌باره‌ی گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ردوو سه‌رۆكایه‌تی ئاڵوگۆر كرا و بۆ ئه‌مه‌ش بڕیار درا مانگانه هه‌ردوو سه‌رۆكایه‌تی كۆببنه‌وه و پێشتریش به‌رنامه‌ی كاری كۆبوونه‌وه‌كه له لایه‌ن سكرتێری په‌رله‌مان و وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مانه‌وه، دیاری بكرێت.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی نێوان لیژنه‌كان و وه‌زراته‌كان كرایه‌وه، به تایبه‌تی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیار و به‌دواداچوونی لیژنه‌كان و په‌رله‌مانتاران له لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه و له‌مباریه‌وه سه‌رۆكی حكوومه‌ت ته‌واوی ئاماده‌یی حكوومه‌تی بۆ كاراكردنی ئه‌م لایه‌نه نیشان دا و ڕایگه‌یاند: له سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌ت بڕیاریان داوه وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كان و لێژنه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌و وه‌زاره‌تانه به‌یه‌كه‌وه كۆ بكه‌نه‌وه، چونكه وه‌ك سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئاماژه‌ی پێ كرد لیژنه‌كان تێبینی ورد و سه‌رنجی به‌جێیان له‌سه‌ر پرۆژه‌كان هه‌یه و پێویسته به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت و كاری له‌سه‌ر بكرێت.
لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه گۆرینه‌وه‌ی بیروڕا بوو ده‌رباره‌ی گفتوگۆگردنی بودجه‌ی هه‌رێم. له‌مباریه‌وه سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌ستخۆشی له حكوومه‌ت كرد كه ئه‌مسال زووتر له ساڵان پرۆژه‌ی بودجه‌یان ناردۆته په‌رله‌مان و سه‌باره‌ت به ده‌سپێكردنی گفتوگۆش له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی بودجه، ڕایگه‌یاند: ڕۆژی چوارشه‌ممه ده‌ست به گفتوگۆكردنی بودجه ده‌كرێت.




