هەماهەنگی لە نێوان ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان و وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بۆ جێبەجێكردنی پلانی ستراتیژیەتی نیشتمانی

هەولێر- تایبەت بە kdp.info/ ئەمڕۆ دووشەممە 21/1/2013 لە بارەگای ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان، پەخشان زەنگەنە ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان، بەئامادەبوونی ئەمەل جەلال و دڵخواز عەبدولڵا ئەندامانی ئەنجوومەن، لەگەڵ شاندێكی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی كۆبوونەوە، كە پێكهاتبوو لە دكتۆر عارف حیتۆ بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی و شاندێكی یاوەری.
لەكۆبوونەوەیەكی هاوبەشدا پلانی هاوبەشی هەردوولا بۆ جێبەجێكردنی ستراتیژیەتی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و پەرەپێدانی رەوشی ژنان و گرنگی بڵاوكردنەوەی رۆشنبیریی ناتوندوتیژی خێزانی، گفتوگۆی لەبارەوە كرا، هەردوولا داكۆكیان لەسەر پەرەپێدانی هاوكاری و هەماهەنگی نێوانیان كرد بۆ زیاتر بایەخدان بە ژنانی هەڕەشەلێكراو لە سەرجەم ناوچەكانی كوردستاندا.
ئەمەل جەلال هەماهەنگی نێوان ئەنجوومەنی خانمان و وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بەپێویستزانی بۆ گەشەپێدانی رەوشی ئافرەتان و ئاماژەی بۆ گرنگی بڵاوكردنەوەی چەمكی ناتوندوتیژی خێزانی كرد. بڕیاریش وایە بە هەماهەنگی هەردوولا، پلانی چەند پرۆژەیەكی هاوبەش دابنرێت لە بەرژەوەندی خانمانی كوردستان و نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی.
دلێر ئیبراهیم




