٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

برایەتی نەینەوا بایكۆتی دانیشتنەكەی ئەنجومەنی وەزیران دەكات لە موسڵ

سەرچاوە: Xendan

بڕیارە سبەینێ‌ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دانیشتنی خۆی لە موسڵ ئەنجام بدات، بۆ ئەو مەبەستەش لیستی برایەتی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیەنێت، سبەینێ دانیشتنە بایكۆت دەكەن‌و داواش لە مالیكی دەكەن لە بری ئەو دانیشتنە، پرۆژەی خزمەتگوزارییان بۆ ئەنجام بدات.

دەرمان خەتاری وتەبێژی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، لە لێدوانێكیدا بۆ "خەندان" تەئكیدیكردەوە، سبەینێ (سێشەممە 29ی ئایار) بڕیارە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كۆبوونەوەی خۆی لە موسڵ ئەنجام بدات، بۆ ئەو مەبەستەش لیستەكەیان بڕیاریداوە كە بایكۆتی دانیشتنەكە دەكات.

ئەمڕۆ رۆژنامەی سەباح، لەسەر زاری عەدنان سەراج، ئەندامی ئیئتیلافی دەوڵەتی قانون بڵاویكردەوە، نوری مالیكی سەرۆك وەزیران بڕیاریداوە كۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنەكە لە شاری موسڵ بەڕێوەبچێت.

وتەبێژەكەی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، وتیشی:"دەبووایە مالیكی پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ پارێزگاكەمان بهێنایە، نەك دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران بە مەرامی سیاسی".


جەختیشیكردەوە، دانیشتنەكەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران لە پارێزگای كەركوك مەبەستێكی سیاسی لە پشتەوە بوو، بۆیە دانیشتنی سبەینێش لە پارێزگاكەمان بۆ هەمان مەبەستە بە گیانێكی شۆڤێنییەوە ئەنجام دەدرێت.

دەرمان خەتاری، وتیشی:"ئێمە وەكو لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بایكۆتی ئەو دانیشتنە دەكەین‌و داواش لە مالیكی دەكەین خزمەتی نەینەوا بكات كە ساڵانێكە حكومەت هیچ خزمەتگوزارییەكی پێویستی پێشەكەش نەكردووە".


رۆژی 8ی ئایار نوری مالیكی لە شاری كەركوك سەرۆكایەتی دانیشتنێكی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد كە لەلایەن وەزیرەكانی كوردەوە بایكۆت كراو سەردانەكەی مالیكیش بۆ ئەو شارە بووە مایەی ناڕەزایی بەشێك لە سیاسەتمەدارەكانی كوردو بە سەردانێك بۆ ئیستفزازكردنی كورد لێكدرایەوە.

مانگی شوباتی رابردووش كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە شاری بەسرە بەڕێوەچوو بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار