نێچیرڤان بارزانی: هێشتا لە عێراقدا هەن بڕوایان وایە سیاسەتی عەرەباندن وەك خۆی بمێنێتەوە
لە مەراسیمی هێنانەوە و بەخاكسپاردنی ڕوفاتی 730 ئەنقالكراوی قادركەرەمدا، نێچیرڤان بارزانی، جارێكی دی هۆشداریی دا لەوەی كە ئەو عەقڵیەتەی ئێستایش لە عێراقدا بڕوای وایە سیاسەتی عەرەباندن و بە چارەنەكراوی هێشتنەوەی ناوچە كێشەدارەكان وەك خۆیان بمێننەوە، هەڕەشەن بەسەر هەرێمی كوردستانەوە.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ و لە مەراسیمی هێنانەوە و بەخاكسپاردنی ڕوفاتی 730 ئەنفالكراودا لە سلێمانی، بە ڕایگەیاند كە "سوێند بێ هەمیشە بۆ ئاوەدانی و كوردستان تێ بكۆشین."
نێچیرڤان بارزانی، گوتی "ئەمڕۆ هەلومەرجی لەبار بۆ گەل هەڵكەوتووە و مەرجی سەركەوتنیشمان یەكرێزمانە."
لە ماوەی ئەو وتارەیدا كە پێشكەشی كرد پێداگری لە ناساندنەوەی گۆڕەبەكۆمەلەكان كرد و گوتی، دەبێ حكوومەتی بەغدا لە دادگای باڵای تاوانەكان و قەربووكردنەوەی ئەنفال و كیمیاباران ئەركی خۆی بە جێ بێنێ.
نێچیرڤان بارزانی هاوكات ڕایگەیاند، "تاوانباری ئەساسی كە هێشتا ماوە، عەقلیەتی كۆمەڵكوژی و سیاسەتی تەعریب و پاوانكارییە.
گرنگ نییە ئەو حوكمڕانە دەستەڵاتی لە وی دی كەمتر بێ یان نا، بەڵكو گرنگ ئەنجامدانی تاوانە جا هەر كەسێك بێ."
"لایەنی سیاسی هەن بە هەموو توانایانەوە دەیانەوێ ئاسواری تەعریب و كۆمەڵكوژی بمێنێتەوە و پێڕۆی بكەن و پشتگیریی سیاسەتی نەفرەتیی پێشوو دەكەن."
هاوكات ڕِایگەیاند "ئەوەی ئەمڕۆ لە سەعدیە و جەلەولا و كەركووك دەبینرێت، درێژەدانە بە سیاسیەتی پێشوو، دەبێ وریا بین كە سیاسەتی پێشوو بەرانبەر بە كورد دووبارە نەبێتەوە و، ئەگەر عەقڵیەتی كۆنی تاوانكاری وەلا نەنرێت ئەوا هەڕەشە نەك هەر بۆ كوردستان، بەڵكو بۆ شوێنی دیكەی عێراقیش هەیە."




