12 هەزار پارچە زەوی دەدرێت بەكەسوكاری شەهیدان

تایبەت بە kdp.info / بەمەبەستی هاوكاریكردن و قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری شەهیدانی هەرێمی كوردستان و دوای پێشكەشكردنی داواكاری و رەزامەندی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە رۆژانی ئایندە 12 هەزار پارچە زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدان دابەش دەكرێت.
فوئاد عوسمان وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ kdp.infoگوتی: لە رۆژانی رابردوو سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رەزامەندی دەڕبڕی لەسەر پێدانی 12 هەزار پارچە زەوی بۆ كەسوكاری ئەو شەهیدانەی كە تاوەكو ئێستا سوودمەند نەبوونە لەو جۆرە هاوكاریانە.
لەلایەن خۆیەوە حوسێن ئەحمەد بەڕێوەبەری بەشی خزمەتگوزاری لە وەزارەتی شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوان بۆ kdp.infoگوتی: ئێستا ئێمە كار لەسەر چۆنییەتی دابەشكردن و ئالیەت و ئامادەكارییەكانی دابەشكردن و دیاریكردنی ئەو 12 هەزار پارچە زەویە دەكەین ئەمەش تەواوكاری قۆناغەكانی هاوكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ كەسوكاری شەهیدان و لەرابردووشدا چەند زەوی بەسەر بەشێك لە كەسوكاری شەهیدان دابەشكراوە.
بڕوا بەرزنجی




