٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەندامێكی لێژنەی مادەی 140: پارەی تەرخانكراو بۆ جێبەجێكردنی مادەكە بەش ناكا

سەرچاوە: AK News

ئەندامێكی لێژنەی جێبەجێكردنی مادەی 140 ئەمڕۆ یەكشەم رای گەیاند، ئەو پارەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ قەرەبووكردنەوە لە چوارچێوەی مادەی 140 تەرخان كراوە، بەش ناكا و لە كۆی 22 هەزار كەس كە ناویان بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەكانیان تۆمار كردووە، 10 هەزاریان چاوەڕوانی چەكی قەرەبوو دەكەن.

تەحسین كەهییە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئەو بڕە پارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ قەرەبووكردنەوە لە چوارچێوەی مادەی 140 تەرخانی كردووە 172 ملیار دیناری عێراقییە، كە ئەو بڕە بەشی كەركووك و شنگال و خانەقین و ناوەڕاست و باشووری عێراق ناكا كە مادەكە دەیانگرێتەوە.

زیاتر گوتی، ئێمە لەبەردەم كێشەكی گەورەداین بەتایبەتی لە كەركووك و شنگار و خانەقین، بێجگە لە پارێزگەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بۆیە پێویستمان بە سالأ و پارەی زیاتر هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە.

كەهییە روونی كردەوە، لە كەركووك 10 هەزار كەس كە نیازی گەڕانەوەیان بۆ شوێنی خۆیان هەیە چاوەڕوانی چەكی قەرەبوو دەكەن، لە كۆی 22 هەزار كەس كە زۆرینەیان عەرەبن و ناویان تۆمار كراوە بۆ گەڕانەوە، ئاماژەی كرد، ئەو كەسانە دوای ئەوەی چەكی قەرەبوو وەردەگرن، پێویستە لە ماوەی 40 رۆژ كەركووك جێ بێڵن.

زیاتر گوتی، ئێمە لەسەر بنەمای ویست مامەڵە لەگەڵ گەڕاوەكان دەكەین نەوەك لەسەر بنەمای بەزۆر.

بڕیاربوو لە 2007 هەموو قۆناغەكانی جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستووری عێراق كە بۆ چارەسەركردنی پرسی ناوچە كێشەدارەكان دانراوە، بەكۆتا بێ، بەڵام بەهۆی ئەو كێشە سیاسی و تەناهییانەی وڵات پێیدا تێپەڕ بوو ئەو كارە دواخرا.

هەواڵی پەیوەندیدار