موئەید تەیب: ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ھەموو پرۆژەیاساکان تەوافقی لەسەر بکرێ

تایبهت به kdp.info/ وتەبێژی لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی دەڵێت: ھەر کاتێک لیستی دەوڵەتی قانون و لیستی عێراقییە لەبارەی پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتی گەیشتنە رێكکەوتن ئێمەش پشتگیریان دەکەین، چونکە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ھەموو پرۆژەیاساکان تەوافقی لەسەر بکرێ.
موئەید تەیب وتەبێژی لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆkdp.infoرایگەیاند: کێشەی سەرەکی لەبارەی ئەو پرۆژەیاسایە لەسەر ماددەی تیرۆرە، ئایە لێبوردنی گشتی ھەموو زیندانیان بگرێتەوەیاخود بەشێکی، لیستی دەوڵەتی قانون دەڵێت، نابێت ھەمووی بگرێتەوە، بەڵام رای لیستی عێراقییە پێچەوانەیە.
تەیب ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی دووشەممە دەگەرێنەوە بەغدا و سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ ھەموو فراکسیۆنەکان کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە رێکكەوتنێک، چونکە رۆژی سێشەممە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەست پێدەکاتەوە،یەکێک لەخاڵەکانیشی گفتوگۆکردنە لەبارەی پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی.
تائێستا پەرلەمانی عێراق چەندین دانیشتنی لەبارەی پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی ئەنجامداوە، بەڵام بەھۆی رێکكنەکەوتنی ھەردوو لیستی عێراقییە و لیستی دەوڵەتی قانون لەبارەی ئەم پرۆژەیاسایە تاوەکو ئێستا پەسەند نەکراوە و پەسەندکردنی ئەم پرۆژەیاسایەش یەکێکە لەداواکارییەکانی خۆپیشاندەران کە ماوەیەکە چەند پارێزگایەکی سوننە نشینی گرتۆتەوە.
بڵند ئیبراھیم




