دەبێت مامۆستایانی خاوەن بڕوانامەی دبلۆم دوو ساڵ راهێنان ئەنجام بدەن

تایبهت به kdp.info/ وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی كاركردنە بۆ كردنەوەی چەند سەنتەرێكی راهێنانی مامۆستایان و وابڕیارە ئەو مامۆستایانەی خاوەن بڕوانامەی دبلۆمن دوو ساڵ راهێنانیان لەو سەنتەرانە پێبكرێت ئەمەش بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستیان.
هاجەرە داود وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تایبەت بۆkdp.infoگوتی: وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامانجیەتی كە ئاستی زانستی مامۆستایانی بەگشتی بەرزبكاتەوە بەتایبەتی ئەو مامۆستایانەی خاوەنی بڕوانامەی دبلۆمن بۆ ئەو مەبەستە ئێستا سەرقاڵی كاركردنە بۆ كردنەوەی سەنتەری راهێنانی تایبەت بە مامۆستایان.
گوتیشی: وابڕیارە دوای كردنەوەی ژمارەیەك سەنتەری راهێنان لەهەرێمی كوردستان هەر مامۆستایەكی خاوەن بڕوانامەی دبلۆم دوو ساڵی لەو سەنتەرانە پێ بخوێندرێت ئەمەش بۆ ئەوەی ئاستی زانستی خاوەن بڕوانامەكانی دبلۆم بگاتە ئاستی مامۆستایانی خاوەن بڕوانامەی بەكالۆریۆس، بەڵام دوای تەواوكردنی ئەو راهێنانە مامۆستاكان هیچ گۆرانكارییەك بەسەر بڕوانامەكانیان نایەت، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە كە بڕی پارەی تایبەتیان بۆ خەرج بكرێت و مووچەكانیان زیاد بكرێت.
ناوبراو ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد كە لەمیانەی یەكەم كۆبوونەوەی وەزارەت لە ساڵی نوێ ئەو بابەتە گفتوگۆی لەسەر كراوە.
بڕوا بەرزنجی




