بەهۆی فەرامۆشكردنی زمانی كوردی رێكخراوی زمانناسی لە كوردستان رەخنەیەكی توند ئاڕاستەی حكوومەتی عێراق دەكات

تایبەت بە kdp.info/ رێكخراوی زمانناسی لە كوردستان، ڕەخنەیەكی توندی ئاراستەی حكوومەتی عێراق كرد كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات، بەهۆی فەرامۆشكردنی زمانی كوردی لە ناوەندەكانی خوێندن لە هەردوو ئاستی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی.
د.نەریمان عەبدوڵڵا خۆشناو جێگری سەرۆكی رێكخراوی زمانناسی و بەرپرسی چالاكییە رۆشنبیرییەكان لە لێدوانێكی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بۆ فەرامۆشكردنی زمانی كوردی كرد لەسەرتاسەری عێراق و ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە لە زۆربەی هەر زۆری قوتابخانەو زانكۆكان خودی مامۆستاكانیش زمانی كوردی نازانن، ئینجا چۆن دەتوانن رۆڵەكانی عێراق لە برا عەرەبەكانمان فێری زمانی كوردی بكەن، گوتی: تێبینیمان كردووە كە بابەتی زمانی كوردی تەنها بەشێوەیەكی رۆتینی و بۆ كات بەسەربردنە.
هەروەها د.نەریمان عەبدوڵڵا خۆشناو بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە بەپێویستی زانی خوولی تایبەتی بۆ مامۆستایانی زمانی كوردی زانكۆكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان بكرێتەوەو ئامادەیی رێكخراوەكەشی نیشاندا بۆ هاوكاری كردنی حكوومەتی عێراقی بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژە گرنگەو دابینكردنی پسپۆری پێویستی زمانی كوردی بۆ سەرخستنی ئەم خولانە.
د. نەریمان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە لە وەرزی داهاتووی چالاكییەكانی رێكخراوەكەیاندا چەندین بەرنامەی دیكهیان بەدەستەوەیە بۆ پەرەپێدانی زمانی كوردی كە هەردەم لەلایەن دوژمنانی كوردەوە هەوڵی لاوازكردنی دەدرێت.




