وەفدی ڕۆژنامەنووسانی كوێتی لەگەڵ رۆژنامەنووسان كۆبوونەوە
تایبهت بهKdp.info/ ئێوارەی دوێنێ 16/1 دوای گەڕانەوەیان لە دیداری سەرۆك بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەفدی ڕۆژنامەنووسانی كوێتی بەسەرۆكایەتی عەدنان راشد سكرتێرو ڕۆژنامەنووسان و بە ئامادەبوونی عەلی موئمین باڵیۆزی وڵاتی كوێت لە عێراق ووەفدی كوێتی لەگەڵ دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسانی هەولێر كۆبوونەوە، لەبەرامبەریشدا ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر ئێوارە خوانێكیان لەسەر شەرەفی وەفدی میوان ڕێكخست.
لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا عەدنان ڕاشد سەرۆكی وەفدی ڕۆژنامەنووسانی كوێتی كە لە 12 كەس پێكهاتبوون ئەوەی ڕوونكردەوە كە ئەوان لەم سەردانەیاندا بە بینینی كوردستان و گوێبیست بوونی گوتەكانی سەرۆكی هەرێم بۆچوونیان بەرامبەر كوردستان گۆڕاوە. باڵوێزی كوێتیش لە عێراق وەفدی كوێتی راسپارد كە هەوڵی ئەوە بدەن پەیوەندی نێوان خۆیان ڕۆژنامەنووسانی كوردستانی پتەو بكەن، چونكە بەپێی گوتەی عەلی موئمین باڵیۆزی كوێت لە عێراق ڕۆژنامەنووسانی كورد تێڕوانینێكی فراوانتریان بۆ دیموكراسییەت و بەیەكەوە ژیان هەیە. پاشان وەفدی میوان و ڕۆژنامەنووسانی كوردستان گفتوگۆیان لەبارەی دیدو تێڕوانینی یەكتری ئەنجامدا.




