تاوەكو ئێستا توانراوە 15 برینداری تەقینەوەكانی دوێنێی كەركووك بگەیەنرێنە نەخۆشخانەكانی شاری هەولێر

تایبەت بە kdp.info/ دوای ئەوەی دوێنێ دوو تەقینەوەی تیرۆرستی شاری كەركووكی هەژاند، كوژران و برینداربوونی دەیان هاووڵاتی لێكەوتەوە بەهۆی زۆری ژمارەی بریندارەكان ژمارەیەك برینداری ئەو ڕووداوە گەیەنراونەتە نەخۆشخانەكانی شاری هەولێر بەمەبەستی چارەسەركردنیان، بەرێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی هەولێریش دەڵێت ئامادەین هەموو هاوكاریەكی تەندروستین.
د. مەغدید خدر بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی هەولێر تایبەت بۆ kdp.infoگوتی: ئەمڕۆ راستەوخۆ دوای تەقینەوەكانی شاری كەركووك وەكو فەرمانگەی تەندروستی هەولێر تیمێكی تەندروستی و پزیشكیمان ڕەوانەی شاری كەركووك كرد بەمەبەستی هاوكاریكردنی تیمە پزیشكیەكانی شاری كەركووك و هێنانی ژمارەیەك لە بریندارانی ئەو رووداوە تیرۆرستیە، دواتر توانرا ژمارەیەك بریندار بهێنرێنە نەخۆشخانەكانی شاری هەولێر بەمەبەستی چارەسەركردنی برینەكانیان و گرتەبەری رێوشوێنی پێویستی پزیشكی .
ناوبراو گوتیشی: تاوەكو ئەو كاتەی قسەی تێدادەكەم توانراوە 15 برینداری تەقینەوەكانی دوێنێی شاری كەركووك بهێنینە نەخۆشخانەكانی شاری هەولێر و ئامادەین برینداری زیاتریش وەربگرین و پەیوەندیمان بە فەرمانگەی تەندروستی كەركووك كردووەو ئامادەیی خۆمان بۆ هەر هاوكارییەك پێڕاگەیاندوون و ئامادەی هاوكاری زیاتریشین.
بڕوا بەرزنجی




