٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

راگەیەنراوی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان تیرۆر و هەر كارێكی دیكەی دوژمنكارانە ناتوانن ناسنامەی كوردستانی لە كەركووك بسێننەوە

سەرچاوە: KDP.info

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ رێكەوتی 16/1/2013 جارێكی دیكە دەستی رەشی تیرۆر گورزی خوێناوی وەشاندەوە دڵی كوردستان، شارەكەی كەركووكی خۆشەویست و بە شێوەیەكی زۆر تایبەتیش بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردبووە نیشانە و ئامانج.

خۆكوژێك لە بارهەڵگرێكدا كە بە بڕێكی زۆری تی ئێن تی بۆمبڕێژكرابوو، لە شەقامی ئەتڵەس لەبەردەم كۆمەڵگای ئازادی كە بەشی زۆری بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی تێدایە، خۆی تەقاندەوە و لە ئەنجامیشدا 22 شەهید و نزیكەی 200 بریندار و زیانێكی زۆری ماددی لە بیناكانی لێ كەوتەوە.

ئەم كارە خۆكوژییە یەكێك بوو لە زنجیرە كارێكی دیكەی تیرۆریستانە لە شاری كەركووك. هەر ئەم بەیانییەش لەبەردەم بارەگای سرییەی فریاكەوتنی دوز لە نزیك بارەگای بازنەی حەمرینی سەر بە هەڤاڵانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی هاوپەیمانمان تەقینەوەیەكی دیكەی تیرۆریستانە بووە هۆی شەهیدبوونی 4 پۆلیس و برینداربوونی 28 ـی دیكە.

لەبەردەم بینایەی كۆنی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەركووكیش تەقینەوەیەك ئەنجام درا و 3 شەهید و 17 برینداری لێكەوتەوە. ئامانجی سەرەكی ئەم كارە چەپەڵەیش لێدانی كاروانی بەرسی لقی سێی پارتیمان هەڤاڵ (محمد كمال) بوو كە خۆشبەختانە لەم هەوڵە تیرۆریستییە رزگاری بوو.

ئەمڕۆ شاری كەركووك جێ نیشانی سەرەكی تیرۆریستان بوو. ئامانجیشیان هەر ئامانجی كۆنی نوێیانە بۆ قووڵكردنەوەی ململانێكان و گواستنەوەی بۆ ئاستێكی ترسناك كە بەریەككەوتنی نەتەوەیی و مەزهەبی لێ بكەوێتەوە و دەرەنجام كوردانی كەركووك بتۆقێنن و فەشەل بە هەموو ئەو هەوڵ و كۆششانە بهێنن كە لەپێناوی جێبەجێكردنی ماددەی 140 و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان دەدرێن.

هاوكات كە بەشێوەیەكی زۆر تایبەت بارەگاكانی پارتیمان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی هاوپەیمانمان دەكەنە ئامانج، مەبەستیانە پەیامێك بنێرن تا ئێمە دەستبەرداری داوا رەواكانمان بین و لەبەردەم شاڵاوی تیرۆر و مەیلی دیكتاتۆری و سەپاندنی ئەمری واقیع لە رێی هێزی سەربازییەوە پاشەكشە بكەین و چارەنووسی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بۆ قەدەرێكی نادیار جێ بهێڵین. ئەمەیش ئەو خەونەیە كە ناهێڵین هەرگیزاو هەگیز، نەك هەر بۆ تیرۆریستان، بەڵكو بۆ هەر كەس و لایەنێكی دیكەیش بێتە دی كە نیازی هەبێ ناسنامەی كوردستانی لە كەركووك بسێنێتەوە.

خەڵكی خۆڕاگری كەركووك و هەموو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم خودان ئیرادەی پۆڵایین و مێژووی پڕ سەروەرین لە بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەكانی تەعریب و راگواستن و ئەنفالدا، بۆیە ئەمڕۆیش لەبەردەم هەڕەشەی تیرۆریستان و هاوشێوەكانیان چۆك دانادەن و خەباتی سیاسی و مەدەنی خۆیان لەپێناوی گەڕانەوە بۆ ئامێزی هەرێمی كوردستان درێژە پێدەدەن و جارێكی دیكە رێگەنادەن لە ژێر ناونیشانی جیاجیا و بە پاساوی نوێ، ئەجندەی تەعریب و داگیركردنەوە جێبەجێ بكرێتەوە.

حكومەتی فیدراڵ بەهۆی نەهجی تاكڕەوانە و خوڵقاندنی قەیران لەدوای قەیرانەوە ناپەرژێتە سەر جێبەجێ كردنی ئەركەكانی و عێراقی وەكوو مەیدانێكی كراوە جێهێشتووە بۆ تەراتێنی تیرۆریستان و بازرگانانی شەڕ و ئەو هێز و لایەنانەی كار دەكەن بۆ قووڵتر كردنەوەی ململانێكان و گەیاندنیان بە خاڵی پیاهەڵشاخانی سەرتاسەری.

ئێمەیش لە پارتی دیموكراتی كوردستان وێڕای سەرخۆشیمان بۆ خانەوادەی شەهیدان، لە هەڤاڵانمان و هاوڵاتیان و پۆلیس و ئاسایش و هیوای هەرچی زووتر چاكبوونەوەیش بۆ برینداران دەخوازین. هاوكات پەیمان بە گەلەكەمان دەدەین، بە توندی رووبەڕووی تیرۆر و تیرۆریستان دەبینەوە و حكومەتی فیدراڵی عێراقیش دەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتی بەدەنگەوەهاتنی بانگەوازی لایەنە سیاسییەكان و مەرجەعە ئایینییەكانی عێراق و كۆمەڵگای مەدەنی و دەنگی ناڕەزایەتی هاوڵاتیان لە بەسرەوە تا موسڵ، كە ئیتر دەستبەرداری نەهجی قەیرانخولقێنی بهێنێ و بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و سازانی سیاسی و شەراكەتی نیشتمانی، بۆئەوەی عێراق لەم تەنگژەیە رزگاری ببێ و لەكاتێكدا كە ناوچەكەمان بە وەرچەخانێكی گەورەدا تێدەپەڕێ، با عێراق بە ئاسوودەیی و ئارامی ئەم قۆناغە تێپەڕێنێ.

سەربەرزی بۆ شەهیدان و چاكبوونەوەی زوویش بۆ یریندارانی زنجیرە تەقینەوە و كارە تیرۆریستیەكانی ئەمڕۆ كە دڵی كوردستان كەركووكی خۆشەویست بەگشتی و بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیان بە تایبەتی كردبووە نیشانە و ئامانج.

كەركووك كوردستانییە و بەم كارە ترسنۆكانە ناتوانن ئەو ناسنامەیە لەم شارە مەزنە بسێننەوە.

 

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

16/1/2013

 

هەواڵی پەیوەندیدار