لەراپرسییهكی پەیمانگەی كوردستان بۆ پرسە سیاسییەكان 74%ی خهڵكی كوردستان هەڵوێستەكانی سەرۆكی هەرێم بەرامبەر بە بەغدا بە ئەرێنی لەقەڵەم دەدەن
تایبهت بهKdp.info/ پەیمانگەی كوردستان بۆ پرسە سیاسییەكان ئەوە رووندەكاتەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای هەوڵەكانی بۆ چارەسەری گرفتەكانی نیشتەجێبوون، بەڵام تائێستا كێشەكە بەردەوامە، ئەوەش رووندەكاتەوە كە هەرێمی كوردستان بووژاندنەوەی ئابووری بەخۆیەوە بینیوە.
بەیانی ئەمڕۆ پەیمانگەی كوردستان بۆ پرسە سیاسییەكان راپرسییەتی تایبەتی ئاشكراكرد كە لەسەر ئاستی كوردستان نزیكەی 2500 كەس بەشداری كردووە و پەیمانگەكەش نزیكەی 50 پرسیاری ئاراستەی بەشداربووان كردووە.
لەبارەی هەرێمی كوردستان لە رووی سیاسی و ئابووری و كەرتەكانی تەندروستی و پەروەردەو وزەو گەشت و گوزارەوە. لە گرنگترین پرسیارەكانیشدا هاتووە %43ی كوردستانیان پێیانوایە ئابووری كوردستان گەشەی كردووەو % 45 یشیان بڕواو متمانەیان بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە لەبەرامبەریشدا %4ی كوردستانیان بڕواو متمانەیان بە حكوومەتی ئیتعادی هەیە. لەبارەی پەرلەمانی عێراقیش %6 پێیانوایە كە جێگەی متمانەبێت و %54 یش وای لە قەڵەم دەدەن كە ئەو پەرلەمانە جێگای متمانە نییە. لە بەشێكی دیكەی پرسیارەكان ئەوە باسكراوە كە %61ی كوردستانیان بڕوایان بە پۆلیس و ئاسایشی هەرێمی كوردستان هەیەو بە سەرچاوەی سەلامەتی خۆیانیانی دەزانن، هەروەها كوردستانیان بە ڕێژەی %76 پێیان وایە هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی دیجلە سەركەوتوو نەبووە لە پاراستنی ئاسایشی هاولاتیانی ئەو ناوچانەی كاری تێدا دەكات و هاتنیان بە مەرامی سیاسی لەقەڵەم دەدەن. %74ی كوردستانیش هەڵوێستەكانی سەرۆكی هەرێم بەرامبەر بە بەغدا بە ئەرێنی لەقەڵەم دەدەن، لە لایەكی دیكەوە تەنها %6ی كوردستانیان پێیان وایە كێشەی كارەبا چارەسەر نەكراوە، لەبەرامبەردا %46 پێیان وایە كە كێشەی كارەبا چارەسەر كراوە.
لەبارەی كێشەی سووتەمەنیشەوە %71ی كوردستانیان پێیانوایە كە حكوومەتی هەرێم سەركەوتووبووە لە چارەسەری كێشەی سووتەمەنی. هەروەها لەبارەی كێشەی نیشتەجێبوونیش %45ی هاوڵاتیان پێیان وایە حكوومەتی هەرێم سەركەوتوو نەبووە لە چارەسەری كێشەی نیشتە جێبوون، بەڵام %42 پێیانوایە كە حكوومەت لەوبارەیەوە سەركەوتوو بووە.




