مەترسی بڵاوبونەوەی نەخۆشی ئەنفلەوەنزای بەراز لەهەرێمی كوردستان دەكرێت

تایبەت بە kdp.info/ لەساڵانی رابردوو نەخۆشی ڤایرۆسی (H1N1) ناسراو بە ئەنفلەوەنزای بەراز لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان بڵاوبووەوە بە سەدان كەس بەهۆی تووشبوون بەو ڤایرۆسە گیانیان لەدەستدا، دواتر ئاماژە بە نەمانی ڤایرۆس و نەخۆشیەكە درا، بەڵام ئێستا دووبارە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە سەری هەڵداوەتەوەو لەچەند وڵاتێك حاڵەت تۆماركراوە، لە هەرێمی كوردستانیش بەوپێیەی بەشێكە لە عێراق مەترسی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە دەكرێت ئەمەش دوای ئەوەی لە رۆژانی رابردوو چەند حاڵەتێك لە پارێزگای بابل ی عێراق تۆماركراوە.
د. خاڵس قادر وتەبێژی فەرمی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تایبەت بۆkdp.infoگوتی: لە رۆژانی رابردوو چەند حاڵەتێكی نەخۆشی ئەنفلەوەنزای بەراز لە پارێزگای بابل ی عێراق تۆماركراو جگە لە ئەوەش لە چەند وڵاتێكی دەوروبەری عێراقیش چەند حاڵەتێك لە رۆژانی رابردوو تۆماركراوە بەتایبەتی وڵاتی ئوردن و فەڵەستین، هەرچەندە ئەمساڵ تاوەكو ئێستا هیچ حاڵەتێكی ئەو نەخۆشییە لە هەرێمی كوردستان تۆمارنەكراوە.
ناوبراو گوتیشی: وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ئامادەكارییەكی بۆ بەرگرتن لە بڵاوبونەوەی ئەو جۆرە نەخۆشییە لە هەرێمی كوردستان ئەنجامداوەو ئێستاش بەردەوامین لەكاركردن لەمبارەیەوەو بەردەوامیش پشكنین بۆ ئەو كەسانە دەكرێت كە گومانی تووشبوون بەو نەخۆشیەیان لێدەكرێت و هەوڵیش دراوە بڕی دەرمانی پێویستیش بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بكرێـت.
بڕوا بەرزنجی




