ڕوونكردنەوەیەك لەبارەی پرسی گێڕانەوەی دەستوور بۆ پەرلەمانی كوردستان

ماوەیەكە بەهۆی ئەو كەش و هەوا سیاسسییەی ئیمڕۆ لەكوردستاندا هاتۆتە ئارا لەبارەی زەمینەسازی بۆ سازانی نیشتمیانی و، هەماهەنگی لایەنە سیاسییەكان لەبارەی ئەو یاسایانەی كە ڕەهەندی نیشتیمانیان هەیە، هەم لەلایەن ئەندامانی بەڕێزی پەرلەمانی كوردستان و هەم لەلایەن حزبە سیاسییەكانیش و هەم لەلایەن دەزگاكانی ڕاگەیاندنیشەوە بەگشتی زۆر باسی پرسی گێڕانەوەو هەموار كردنەوەی دەستوور دەكرێت لەنێو هۆڵی پەرلەمانی كوردستاندا. بۆیە لێرەدا بۆ بەرچاو ڕوونی هەموو لایەك، بەپێویستی دەزانین ئەم راستیانە بخەینە ڕوو:-
یەكەم:بەپێی پێڕەوناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دانانی بەرنامەی كار بەڕێكەوتن دەبێت لەنێوان دەستەی سەرۆكایەتیدا، یا بەلایەنی كەم بەدوو لەسەر سێ دەبێت. بۆیە ئەگەر بمانەوێت دەستوور بگێڕینەوە ناو هۆڵی پەرلەمان دەبێت بەڕەزامەندی و ڕێكەوتن بێت لەنێوان دەستەی سەرۆكایەتیدا.
دووەم:دەستوور یەكێكە لەو یاسا گرنگانەی هەموو لایەك كۆكن لەسەرئەوەی كە ڕەهەندی نشتیمانی هەیە، بۆیە دەبێت بەسازان و تەوافوقی نیشتیمانی بێتەوە نێو هۆڵی پەرلەمان، نەوەكو بەزۆرینەو كەمینە، لەئێستاشدا سازان و ڕێكەوتن لەسەر گێڕانەوەی دەستوور بە ئەنجام نەگەیشتووە، هەروەها ئەو خاڵانەش دیاری نەكراوە كە دەبێت هەموار بكرێنەوە، بۆیە دەستەی سەرۆكایەتی نایەوێت یاسایەك بگێڕێتەوە نێو هۆڵی پەرلەمان كە ڕەهەندی نیشتیمانی هەیەو سازانی لەبارەیەوە نەكراوە.
سێیەم:تا ئێستا بەڕەسمی فڕاكسیۆنی كوردستانی كە گەورەترین فڕاكسیۆنی پەرلەمانە داوای گێڕانەوەو هەمواركردنەوەی دەستووریان نەكردووە، كەواتە بنەمایەكی گرنگی سازان لێرەدا بوونی نییە، سەرۆكی پەرلەمانیش وەكو پێشتر بەڵێنیدابوو، كە پێڕەوی سازان و تەوافوق دەكات، لەسەر ئەو بەرنامەی كارەی بەردەوام دەبێت.
چوارەم:ئەگەر لەبواری حزبیشدا بێت، دیارە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەگەڵ ئەوەدایە كە هەموو پڕۆژە یاساكانی ڕەهەندی نیشتیمانیان هەیە بەسازان و تەوافوق بگێڕدرێتەوە نێو هۆڵی پەرلەمان، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە هەمان ڕاو بۆچوونی هەیە، بۆیە بەبێ سازان لەسەر پرسی دەستوور لەنێوان لایەنە سیاسییەكان، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پێی باش نییە دەستوور بەزۆرینەو كەمینە بگێڕدرێتەوەو پێویستە لەدەرەوە ڕێكەوتنی لەسەربكرێت، ئینجا بگێڕدرێتەوە نێو پەرلەمان.
پێنجەم:سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەهیچ شێوەیەك نابێتە هۆكاری لەیەكترازانی پێوەندی سیاسی نێوان حزبەكانی كوردستان، بەهیچ شێوەیەك نابێتە هۆكاری دروستبوونی درزو كەلێن لەنێوان لایەنە سیاسییەكان، بەپێچەوانەوە بەردەوام هەوڵیداوە ببێتە فاكتەری تەبایی و بەیەكگەیشتنی هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان و بەو ڕوحەش كاری كردووە، بۆیە لەگەڵ ئەوەدا نییە هیچ هێزو لایەنێكی سیاسی لەپرسە چارەنووسسازەكاندا فەرامۆشبكرێت و پێی وایە هەموومان بەیەكەوە بەهێزو جوانین و ناكۆكی و جیاوازی بیرو بۆچوونیش دەوڵەمەندو بەهێزمان دەكات، ئەوەندەی پێشی كرابێت لەگەڵ هەموو لایەنەكان قسەی كردووەو سەردانی یەكە بەیەكەی مەكتەبی سیاسی حزبەكانی كردووەو هەوڵیداوە بگەنە سازان و ڕێكەوتن، پێشی وایە لەو ڕێگایە زیاتر هیچ ڕێگایەكی ترمان لەبەردەمدا نییە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
15/1/2013




