قوتابیەكی دەرچووی ماستەر توێژینەوەكەی لە سیمیانرێكدا دەخاتەڕوو

تایبەت بە kdp.info/ كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمرۆ 15/1/2013 لێژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی د. رێباز فتاح سەرۆكی لیژنە و جێگر و بڕیاردەرو ئەندامانی لێژنەكە پێشوازیان لە محەمەد جەمیل عەلی قوتابی ماستەر لە زانكۆی لوبنانی فەرەنسی بەشی یاسا و كارگێڕی گشتی كرد، كە بە مەبەستی پێشكەشكردنی سمینارێك لەبارەی توێژنەوەكەی سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كردبوو .
لەو سمینارەدا كە لە هۆڵی لێژنەی تەندروستی و ژینگە بەرێوەچوو، سەرەتا محەمەد جەمیل عەلی ماستەرنامەكەی خۆی پێشكەشكرد كە تایبەت بوو بە( جگەرەكێشان لە نێوان كارمەندانی نەخۆشخانە حكوومییەكانی شاری هەولێر و كاریگەری لەسەر تەندروستی و سەلامەتی)، كە بەگشتی توێژنەوەكە جەختی دەكردەوە لەسەر دانانی یاسای تەندروستی و سەلامەتی و كردنەوەی بەشی تەندروستی و سەلامەتی لە دام و دەزگاكان و دانانی میكانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێكردنی یاسای قەدەغەكردنی جگەرە كێشان لە شوێنە گشتییەكان و هەروەها سزادانی ئەو كەسانەی لە دام و دەزگاكانی حكوومەتی هەرێم جگەرە دەكێشن .
لەلایەن خۆشیانەوە سەرۆك و ئەندامانی لێژنەكە كۆمەڵێك راو سەرەنجیان خستە روو، بڕیاریاندا بە مەبەستی كاركردن لەسەری، پێشنیازەكانی توێژنەوەكە لە رێگەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی بكرێت.




