لەكۆبوونەیەكدا بەشە بودجەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژبەژنان تاوتوێ كرا

پهرلهمانی كوردستان- تایبهت به kdp.info/ كاتژمێر10ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ 15/1/2013 لیژنەی بەرگری لەمافی ئافرەت لەپەرلەمانی كوردستان، بەئامادەبوونی گەشە دارا حەفید سەرۆكی لیژنە و هاژە سلێمان جێگر و ژمارەیەك لەئەندامانی لیژنە، لەهۆڵی لیژنە لە تەلاری پەرلەمان، لەگەڵ كوردە عومەر بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بەژنانی سەربەوەزارەتی ناوخۆ و پەخشان زەنگەنە ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و ئەمەل میكائیل بەڕێوەبەری پلاندانان لەوەزارەتی ناوخۆ كۆبۆوە.
لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆیەكی چڕوپڕ لەسەر بەشە بودجەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بەژنان لەچوارچێوەی بەشە بودجەی وەزارەتی ناوخۆ لەپڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2013 و كاروچالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە لەماوەی دەستبەكاربوونییەوە و بەرنامە و پلانی داهاتووی بەڕێوەبەرایەتییەكە كرا و ئەو ئاستەنگ و گرفتانەش خرایەڕوو كەدێنە بەردەم ئەنجامدانی كارەكانیان و جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كەهەوڵبدرێت لەبەشە بودجەی وەزارەتی ناوخۆدا تایبەتمەندییەك بەبەڕێوەبەرایەتی توندوتیژیی دژ بەژنان بدرێت.
لەلایەن خۆیانەوە وەفدی میوان داوایان لەلیژنە بەرگری لەمافی ئافرەت لەپەرلەمان كرد كەپشتیوان و هاوكاریان بن بۆ سەرخستنی ئەو ستراتیجییە نیشتمانییە كەبۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژبەژنان لەئارادایە.
لەبەرامبەردا سەرۆك و جێگرو ئەندامانی لیژنەكە، وێڕای خستنەڕووی سەرنج و تێبینییەكانی خۆیان لەسەر كاروچالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە، ئامادەیی خۆیان بۆ هەموو جۆرە هاوكاری و پشتیوانییەك بۆ سەرخستنی ئەو ستراتیجەو كارو پڕۆژەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە نیشاندا.
شایانی باسە كۆبوونەوەكە درێژە پێدەری كۆبوونەوەكانی لیژنەكەیە بۆ تاوتوێكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2013 كەئێستا لەپەرلەمانی كوردستانەو لەلایەن لێژنەكەوە تاوتوێدەكرێت بۆئەوەی بتوانن سەرجەم داواكاری و تێبینییەكانیان لەراپۆرتیی رەسمی و كۆتاییی لیژنەكەدا جێبكەنەوە و ئاراستەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی بكەن بۆ كاركردن لەسەری تاكو لەداهاتوویەكی نزیكدا لەدانیشتنەكانی تایبەت بەبودجە گفتوگۆیان لەسەر بكرێت.




