٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

90 ملیۆن کەس لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەکی بچووکیان هەیە

سەرچاوە: Rudaw

ئەمڕۆ سیمینارێکی نێودەوڵەتی كه لەلایەن کۆڕبەندی پەرلەمانتارانی نێودەوڵەتیەوە رێكخراوه لە شارى هەولێر دەستیپێکرد لەبارەی کۆنتڕۆلکردنی چەکی جۆری بچووک .

لەو کۆڕبەندەدا چەندین پەرلەمانتاری نێودەوڵەتی و کوردستانی و عێراقی و گەورە بەرپرسانی حکومەتی بەشداریان تێدا کردووە، بۆ زیاتر چاودێریکردنی حکومەت و باشترکردنی پرۆسەی رێگەگرتنە لە دیاردەی پڕچەک کردن.

ئەو سیمینارە نێودەوڵەتییە لە سەنتەری راهێنانی ئەوروپی بەڕێوەدەچێ و ماوەی 2 رۆژ بەردەوام دەبێت. 

پیتەر ڤیدڕود، سکرتێری گشتی کۆڕبەندی پەرلەمانتارانی نێودەوڵەتی لەو سیمینارە نێودەوڵەتیەدا لە وتەیەکدا رایگەیاند "چەکی بچوک کێشەیەکی گەورەیە لەسەرتاسەری جیهاندا. ساڵانە نزیکەی 500 هەزار کەس بەهۆی چەکی بچوکەوە گیان لەدەست دەدەن".

راشیگەیاند"ئامانج لەو کۆنفرانسە دۆزینەوەی رێَوشێونی پێویستە بۆ رێگرتن لە تەشەنەکردنی ئەودیاردەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

سکرتیری گشتی کۆڕبەندی پەرلەمانتارانی نێودەوڵەتی، ستایشی رۆڵی ئاڵا تاڵەبانی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراقی کرد کە رۆڵێکی سەرەکی هەبووە تاوەکو ئەو سیمینارە لە کوردستان بکرێ، هەروەها هۆکاری هەڵبژاردنی کوردستانیشی بۆ ئەوە گەڕانەوە کە کوردستان و عێراق بەشێکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پڕچەک ترین ناوچەیە لە جیهاندا.

ئاڵا تاڵەبانی لەو سیمینارە رایگەیاند بازرگانی کردن بە چەک و خاڵە سنوورییەکان، دوو خاڵی سەرەکین بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە لە عێراقدا. بەڵام گوتیشی "حکومەتی عێراقی بایەخی بەم مەسەلەیە نەداوە".

ئاڵا تاڵەبانی کە هاوکات ئەندامی کۆڕبەندی پەرلەمانتارانی نێودەوڵەتیە ئاماژەی بە ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ئاماژە بەوەدەکات لەسەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست "نزیکەی 50 بۆ 90 ملیۆن کەس چەکی بچوکیان هەیە".

هەر لەو سیمینارەدا دینداری زێباری، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆکاروباری رێکخراوە نێودەوڵییەکان رایگەیاند عێراق دەتوانێت سوود لە ئەزمونی هەرێمی کوردستان وەربگرێ و بەکاری بهێنی لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی  چەکداری، راشیگەیاند هەرێمی کوردستان لە چاو ناوچەکانی دیکەی عێراق لەو لایەنەوە پێشکەوتووترە و دەکرێ سووری لێوەربگرێ.

هەواڵی پەیوەندیدار