بڵاوكراوە كوردییەكانی زانكۆی رازی كرماشان داخران

تایبهت به kdp.info/ بە پێ سەرچاوەكانی هەواڵ لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوه، زانكۆی رازی كرماشان كە لە شاری كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستانە، یەكێكە لە زانكۆ هەرە مەزنەكانی ئێران و تێیدا زیاتر لە 13 هەزار و دووسەد قوتابی دەخوێنن و زۆربەی هەرە زۆری قوتابییەكانی ئەم زانكۆیەیش كوردن، پێشتر خاوەن بڵاوكراوەیەكی كورد بە ناوی شیپا بووە كە لە لایەن قوتابییەكانەوە دەركراوە، بەڵام دوێنێ بە فەرمانی بەرپرسانی زانكۆ ئەم بڵاوكراوە كوردییە داخراوە.
لەم بارەیەوە قوتابییەكانی ئەم زانكۆیە ئاماژەیان بەوە كردووە كە چەندین جار سەردانی بەرپرسانی زانكۆیان كردووە و هۆكاری داخرانی بڵاوكراوەی شیپایان پرسیوە، بەڵام بەرپرسانی زانكۆ وەڵامی ئەوانی نەداوەتەوە و پێیان رایانگەیاندووە كە ئەمر لە سەرەوە هاتووە.
لە لایەكی دیكەشەوە یەكێك لە بەرپرسانی كارگێڕی زانكۆی رازی كرماشان ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەم بڵاوكراوەیە پێشتر لە لایەن چەند قوتابییەكەوە دەركراوە كە ئێستا ئەم قوتابییانە بە هۆكاری جیاجیا لە زانكو دەكراون، هەربۆیە بۆ دووبارە دەركردنەوەی ئەم بڵاوكراوە كوردییە پێویستە مۆڵەتی وەزارەتی رۆشنبیری و ئەرشادی ئیسلامی وەربگیردرێت.
هاوكات جێگای ئاماژە پێكردنە كە دوو مانگ لەمەوبەریش كارگێڕی زانكۆی ئازادی كرماشان مۆڵەتی دەركردنی بڵاوكراوەیەكی ئەدەبی و هونەری كوردی نەدا، پێشتر لە كرماشان 3 بڵاوكراوەی دیكەی كوردی هەبوون بە ناوەكانی برووسكە، بیستون، ترووسكە، بەڵام لە دوای ساڵی 1384وە هەر هەمووی ئەو بڵاوكراوە كوردییانە داخران.




