نێچیرڤان بارزانی: پێش ئێستا، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان وەك ئاو و كارەبا گەورەترین خەم و داخوازی گەلەكەمان بوون

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ماركۆپۆلیس، كە كۆمپانیایەكی بەناوبانگی نێودەوڵەتی راگەیاندنە تایبەت بە كار و ئابووری، باس لە بەرەوپێشچوونی هەرێمی كوردستان و ئاستەنگ و تەحەدییانە دەكات، كە لە ماوەی رابردوودا هاتوونە پێش.
*ئاراستەت بۆ هەرێمی كوردستان چییە و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەكییەكاندا دەكەن؟
نێچیرڤان بارزانی:ئێمە بۆ دەستەبەركردنی داهاتوویەكی خۆشگوزەران بۆ خەڵكی هەرێمەكەمان ئەزموونی وڵاتانی دیكەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی رەچاو دەكەین. ئەوە تەحەدییەكە، ئێمە لە دوو دەیەی رابردوودا پێشكەوتنی گەورەمان ناوە، بەڵام هێشتا زۆر شت ماون بكرێن. تەحەدییە ناوخۆییەكانمان بە تێبەربوونی كات دەگۆڕێت، چونكە گەلەكەمان داوای خزمەتگوزار و كاری زیاتر لە حكوومەتەكەیان دەكەن. چەند ساڵێك پێش ئێستا، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان وەك ئاو و كارەبا گەورەترین خەم و داخوازی گەلەكەمان بوون. ئەمرۆ مەسەلەكانی وەك شەفافییەت بابەتێكی گرنگە بۆ خەڵكەكەمان و لەگەڵ چەندین رێكخراو و دامەزراوەی ناوخۆ و دەرەوەدا كار دەكەین بۆ دانانی یاسای پێویست بۆ رووبەروونەوەی مەسەلەكانی وەك گەندەڵی. لەگەڵ ئەوەشدا من پێموایە گەلەكەمان پشتیوانی پرۆگرامەكانمانن و تەقدیری ئەوە دەكەن كە ئەو هەوڵانە كاتی دەوێت.
لەوەتەی دامەزراندنی هەرێمی كوردستانەوە، ئێمە هەوڵمان داوە بگەین بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ دڵنیا بوون لەوەی تێگەیشتنێكی گشتی لەسەر جیاوازەكانی نێوان هەرێمەكەی ئێمە و تەواوی وڵاتەكەدا هەیە. ئەمە لایەنێكی دیكەی گرنگی سیاسەت و ئامانجەكانمانە لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
*گرنگترین ئەولەویەتەكانی چاكسازی ناوخۆیی چین؟ بە مانایەكی دیكە، دەتەوێت كوردستان لە كوێدا ببینیتەوە؟
نێچیرڤان بارزانی:بەدەستهێنانی پشت بەخۆبەستن لەنێو ئێراقی نوێی فیدراڵ ئامانجی سەرەكی حكوومەتەكەی ئێمەیە. لە چەند ساڵی رابردوودا ئێمە توانیمانە پیشەسازیی نەوت و غاز دابمەزرێنین كە بۆ بەرژوەندی وڵاتە بە گشتی. ئەمرۆ، سەركەوتنی سیاسەتی نەوت و غازی ئێمە بووەتە هۆی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی 250 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، كە پارەی پێویست بۆ پەرەپێدانی پیشەسازییە سەرەكییەكانی دیكە دابین دەكات، لەوانە كەرتەكانی كشتوكاڵ و تەندروستی.
جاران هەرێمەكەی ئێمە بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان زۆر دەوڵەمەند بوو، لە راستیدا وەكو سەلەی خواردنی ئێراق ئاماژەی پێدەكرا. ئەمرۆ، سەرەڕای ئەوەی كە بەرهەمی ناوخۆییش هەیە، هەرێم زۆربەی بەرهەمەكانی هاوردە دەكات. هێشتا هەرێمەكەمان ئەزموون و پسپۆڕی نییە بۆ ئەوەی ئەم بەرهەمانە بە بازاڕ بكات. لە ساڵانی داهاتوودا حكوومەتەكەمان پشتیوانی لە رێكارەكانی بایەخ و وەبەرهێنان لەو بوارانەدا دەكات.
بێگومان كوردستانێكی سەركەوتوو و خۆشگوزەران یارمەتی بەرەوپێشچوونی تەواوی وڵات دەدات. ئێمە دەمانەوێت بەمەبەستی خۆگوزەرانی سەرجەم ناوچەكانی ئێراق ئەزموون و زانیاری خۆمانیان لەگەڵدا بەكاربهێنین.
* لە بواری راكێشانی وەبەرهێنان بۆ هەرێمی كوردستان چ پلانێك هەیە ؟ سیاسەتی حكوومەت چۆنە؟
نێچیرڤان بارزانی:یاسای وەبەرهێنانی كوردستان باش ناسراوە بەوەی كە ئیمتیازی باش بە وەبەرهێنەران دەدات، ئەوەش لە راكێشانی وەبەرهێنان رۆڵێكی گەورەی بینیوە. حكوومەتەكەمان لە 2005ەوە دەستەیەكی وەبەرهێنانی دامەزراندووە تاوەكو ببێتە نێوەندێك بۆ وەبەرهێنەران تا لە دەرفەتەكانی وەبەرهێنان نزیك ببنەوە، لەوەشدا سەركەوتوو بووە بەوەی لەوساوە 22 ملیار دۆلاری راكێشاوە.
سیاسەتی ئێمە بەردەوامی دانە بە پێڕەوكردنی یاسا گرنگەكانی، كە دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوونی كەرتەكانی دیكە و راكێشانی وەبەرهێنانی زیاتر. بۆ نموونە، سەركەوتنی پیشەسازی نەوت و غاز زیاتر بەهۆی پەرلەمانی كوردستانەوە بوو كە یاسای نەوت و غازی دەركرد و لەگەڵ دەستووری فیدراڵیدا دەگونجێت و رێگەی بە ئێمە دا هەندێك لە گەورەترین كۆمپانیاكانی نەوت و غازی جیهان رابكێشین. لە راستیدا، زۆرێك لە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی نەوت و غاز بە ئاشكرا واز لە كێڵگە نەوتییەكانیان لە باشووری وڵات دەهێنن تا روو لە چالاكییەكانی دۆزینەوە و دەرهێنان لە كوردستاندا بكەن، ئەمەش شاهێدێكی دیكەی سەركەوتنی سیاسەتەكەمانە. ئێمە دەمانەوێت بە دەركردنی یاسای پیشەسازییەكانی كانزایی، كشتوكاڵ و تەندروستی لەم هەوڵانە بەردەوامبین.
ئەزموونی ئێراق ئەو وانەیەی فێر كردووین، كە دەسەڵات بە خەڵك بدرێت و لە مەركەزییەت دوور بكەوینەوە. هۆكارێكی دیكەی سەركەوتنە بەردەوامەكانی سیاسەتی ئێمە لە كوردستان بەهۆی كاركردنمانە لەگەڵ كەرتی تایبەت كە سەلماندوویەتی دەتوانێت خزمەتگوزاری باشتر و رێكوپێكتر پێشكەش بە هاووڵاتیانمان بگەیەنێت. نموونەیەكی چیرۆكی ئەم سەركەوتنە كەرتی كارەبایە، ئێمە نزیكەی 1.5 ملیار دۆلارمان بۆ بەدەستهێنانی كارەبای 24 كاتژمێری لە ماوەیەكی زۆر كەمدا خەرجكرد، لە كاتێدا ناوچەكانی دیكەی وڵات دەیاها ملیاری خەرج كردووە، بەڵام هێشتا رۆژانە 4-6 كاتژمێر كارەبایان هەیە.
پەیامێكی گرنگ كە ئێمە بە گوێی وەبەرهێنەرانی دەیدەین ئەوەیە، كە ئەوان دەتوانن كوردستان وەكو سەكۆیەك بەكاربهێنن بۆ تەواوی ئێراق. وەبەرهێنان لەم هەرێمەدا وەبەرهێنانە لە گشت ئێراق.
*ئەو رۆڵە چییە هەرێمی كوردستان لە شانۆی نێودەوڵەتیدا دەیگێڕێت ؟
نێچیرڤان بارزانی:دوای دەیان ساڵ پەراوێزخستن و گەمارۆدان، ئێمە دەمانەویت بەشێك بین لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی. گەلی ئێمە زۆر میواندۆستن و دەمانەوێت كولتوور و ئەزموونی خۆمان لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانەكانمان بەكاربهێنین.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرتاسەری جیهاندا 14 نوێنەرایەتی هەیە، كە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و كولتوورییەكانی نێوان كوردستان و جیهان بەكاردەهێندرێن، لە زۆر لە پایتەختەكان وەك سەركردەی دەوڵەتان پێشوازیمان لێ دەكرێت. ئێمە بەردەوامی بەو ئەزموونە دەدەین و یارمەتی بەرەوپێشچوونی تەواوی وڵات دەدەین تا ئەو شوێنەی ئێمە بەشێك بین لە ئێراقێكی فیدراڵی، دیموكراتی و دەستووریدا.
هەروەها نوێنەرایەتییەكانمان رۆڵێكی سەرەكییان گێڕاوە لەوەی جیهان تێبگات و دانبنێت بەو زەحمەتییانەی ئێمە لە مێژووە ئازاربەخشەكەماندا بینیومانە، ئەم دانپێدانانە لە رێگەگرتن لە روودانەوەی ئەو تاوانانە رۆڵێكی گرنگ و سمبولی دەگێڕێت.




