هەوڵێکی تیرۆریستی بۆ هێنانی بۆمبی موگناتیسی بۆ ناو پارێزگای هەولێر پووچەڵ کرایەوە

لە میانەی پرۆسەیەکی هەواڵگریی ئاسایشی هەولێردا، زانیاری دەستکەوت کە تیرۆریستانی سەر بە گروپی بە ناو دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق بە نیازن هەندێ بۆمب و تەقەمەنی بهێننە سنووری پارێزگای هەولێر، تاکو چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجام بدەن. دوای بەدەست گەیشتنی زانیاری پێشوەختە و بەدواداچوون و چاودێریی ورد، لە رێکەوتی2013/1/5 لە بازگەی زورگەزراو و دێبەگە، تیرۆریستێک دەستگیرکرا کە لە ناو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکەیدا 6 بۆمبی موگناتیسیی حەشاردابوو و بە نیاز بوو بیهێنێته ناو شاری هەولێر. تیرۆریستی ئاماژە پێکراو ناوی (معن حمد محمد الرملی)یە و خەڵکی ناوچەی هێچەلی سەر بە پارێزگای سەلاحەددینە. بۆمبە موگناتیسیەکان لە مادەی تەقەمەنی(C4) پێکهاتبوون.
لێکۆڵینەوە لەم دۆسییە بەردەوامە و تیرۆریستی ناوبراویش بە پێی (مادەی3، بڕگە 8ی تیرۆر) دۆسیەکەی لەبەردەم دادگایە و دوای وەرگرتنی رەزامەندیی لایەنە یاساییەکان، ئەم ڕاگەیەندراوە بۆ هاوڵاتیانی خۆشەویست خرایەڕوو.
راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر
2013/1/14




