جێگری سەرۆكی پەرلەمان پێشوازی لە سكرتێری پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان كرد

ئەمرۆ دووشەممە 14/1/2013، دكتۆر حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لەنووسینگەی خۆی لە تەلاری پەرلەمان پێشوازی لە باپیر كامەلا سكرتێری پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان كرد.
لەدیدارێكدا سكرتێری پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان خۆشحاڵی خۆیانی بە سەردانی پەرلەمانی كوردستان دەربڕی و پشتیوانی خۆیانی بۆ پرۆسەی دیموكراسی و پەرلەمان و حكوومەتی هەرێم دووپاتكردەوەو هیوای خواست كەناڵی پەیوەندی نێوان پەرلەمان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و پارت و لایەنە سیاسییەكان وەك هەمیشە كراوە بێ بۆ ئەوەی لەنزیكەوە راوبۆچوون و گفتوگۆی بەردەوام لەبارەی دوا پەرەسەندنە سیاسییەكان و پێشهاتەكان بێتە كایەوە و سوود لەبیروبۆچوونەكان وەربگیرێت لەپێناو خزمەتكردنی زیاتر و پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاكانی گەلی كوردستان .
لەلایەن خۆشیەوە دكتۆر حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وێرای بەخێرهێنان خۆشحاڵی خۆی بە دیداری شاندەكە دەربڕی و كار و خزمەتەكانی بەرز نرخاندن لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان و هەنگاونان بۆ پێشخستن و گەشەپێدانی ئەزموونی دیموكراسی و ئامادەیی نیشاندا بۆ ئەوەی هەمیشە پەیوەندی نێوان پەرلەمان و تەواوی لایەنەكان بەهێزتر و كراوە بێ بۆ سوود وەرگرتن لەئەزموون و شارەزایی هەموولایەك.
هەر لەدیدارەكەدا تیشك خرایە سەر رەوشی ئەمرۆی هەرێمی كوردستان و پەرەسەنەنەكانی ناوچەكە و تێروانینی وڵاتان بەرامبەر رەوشی هەرێمی كوردستان و ئەو گەشەپێدانەی لەهەموو بوارەكان هەستی پێدەكرێ.




