هێزە ئاسمانییەكانی ئێران فرۆكەوانە كوردەكەیان قەبووڵ نەكرد

تایبەت بە kdp.info/ بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە قوتابییەكی كورد بە ناوی جەلال عەقیدە لە شاری ئیلامی پارێزگای كرماشان دوابەدوای كۆتاییهێنان بە خوێندنی خۆی لە بەشی فرۆكەوانیدا بە مەبەستی دامەزراندنی خۆی سەردانی فەرماندەی گشتی هێزە ئاسمانییەكانی ئێرانی كردووە، بەڵام فەرماندەی هێزە ئاسمانییەكانی ئێران ئەم سەردانەی رەتكردۆەتەوە.
دوابەدوای رەتكردنەوەی ئەم سەردانە كە بە مەبەستی دامەزراندن بووە، هێزەكانی ئیتلاعاتی ئێران ئەو فرۆكەوانە كوردە لە شاری ئیلام بۆ شاری ئەسفەهان دەگوازنەوە و لەو شارە ناچار كراوە كە لە ژێر چاودێری ئیتلاعاتدا كاری فیتەری بۆ ماشینەكانی بنكەیەكی سەربازی سوپا بكات.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە چەند رۆژی رابردووش كچە كوردێكی شاری كرماشان دوای كۆتایی هێنان بە خوێندنی خۆی لە بەشی فرۆكەوانیدا سەردانی پارێزگاری كرماشانی كردووە داوای دامەزراندنی فەرمی كردووە، بەڵام پارێزگاری كرماشان ئەم داواكارییەی رەتكردۆەتەوە و پێیگوتووە مافی تۆ نییە ببیتە فرۆكەوان تەنیا مافی تۆ ئەوەیە كە برۆی و بۆ خۆت مێرد بكەی.




