٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەهاوكاری سەنتەری نێودەوڵەتی یاساكانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی ICNL سیمینارێك بۆ تۆماركردنی ریكخراوەكان لە هەرێمی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

   تایبه‌ت به‌ kdp.info /   لە هۆڵی ئەنجومەنی رێكخراوە ناحكومییەكانی كوردستان IKNN لە هەولێر بەئامادەبوونی هۆشیار مالۆ نوێنەری سەنتەری نێودەوڵەتی یاساكانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیICNL  و  هۆگر چەتۆ لە تۆڕی ماف و زەیتۆ سیان نوێنەری یۆنامی لە هەرێمی كوردستان و كاكە ئەحمەد جەمیل رێكخەری ئەنجومەنی رێكخراوە ناحكومییەكانی كوردستان و بە بەشداری نوێنەری زیاتر لە 25 رێكخراوی ناحكومیی و نوێنەری ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، تۆڕی ماف بۆ یاسای رێكخراوە ناحكومیەكان بەهاوكاری سەنتەری نێودەوڵەتی یاساكانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیICNL  دەستی كرد بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی ڕاوێژی بەردەوام، پرۆژەكە ئامانجیەتی رێكخراوە ناحكومیە ناوخۆ و بیانیەكان بەشداربن لە دارشتنی تەواوی ڕێنمایی و ڕاسپاردە و فۆرم و كارەكانی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومیەكان وەكو چۆن هاوكارو بەشداری دەركردنی یاسایی ژمارە (1) ساڵی 2011 یاسایی ریكخراوە ناحكومیەكان لە هەرێمی كوردستان بوو.
     ئێستا فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان سەرقاڵی رێكخستنی فۆرمەكانی تایبەت بە تۆمار و گونجاندنە بۆ رێكخراوە كوردستانی و عێراقی و بیانی و تۆڕبەندی لە هەرێمی كوردستان، بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەم سیمینارەیان بە پێویستزانی.
لە سیمینارەكەدا گفتوگۆ دەربارەی فۆرمەكانی تۆماری رێكخراوەكان كرا كە بریتی بوو لە فۆرمەكانی: "فۆرمی ژمارە (1) تایبەت بە رێكخراوە ناحكومیە كوردستانیەكان ، فۆرمی ژمارە(2) تایبەت بە رێكخراوە ناحكومیە عێراقیەكان، فۆرمی ژمارە (3) تایبەت بە رێكخراوە ناحكومیە بیانیەكان، فۆرمی ژمارە (4) تایبەت بە تۆرەكان، فۆرمی ژمارە (5) تایبەت بە گونجاندنی رێكخراوە ناحكومیەكانی هەرێمی كوردستان.. شایانی باسە لەم پرۆژەیەدا پێنج وۆركشۆپ رێكدەخرێت بەمەبەستی وەرگرتنی ڕاو سەرەنجی رێكخراوەكان، دواتر وەكو ڕاسپاردە پێشكەش بە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان دەكرێت.
     لە لێدوانێكدا هۆگر چەتۆ شێخە نوێنەری تۆڕی ماف ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە لەگەڵ دەستبەكاربوونی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان بەپێی یاسا بەخشینی مانگانەی رێكخراوەكان دەبڕدرێت و پشت بە پرۆژەی بایەخدار دەبەسترێت بۆ پێدانی كۆمەكی دارایی بە رێكخراوەكان.  لەلایەن خۆیەوە كاكە ئەحمەد جەمیل رێكخەری ئەنجومەنی رێكخراوە ناحكومییەكانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە هەوڵ دەدرێت بەشێك لە پاڵپشتی حكومەت بۆ رێكخراوەكان بۆ دابینكردنی كرێی مانگانەی بارەگای رێكخراوەكان بەردەوام بێت و هەوڵێكی جددی بۆ ئەوە دەدرێت چونكە زۆربەی رێكخراوەكانی هەرێمی كوردستان ئەم داواكارییەیان هەیەو بە پێویستیشی دەزانن.. لەلایەن خۆیەوە هۆشیار مالۆ نوێنەری "ICNL  " لە هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا گووتی: بەردەوام دەبین لە راوێژكردنمان بۆ فەرمانگەی  رێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستان تا گشت پێڕەو و بڕیارەكانی تەواو دەبێت لە بەرژەوەندی سەرخستنی رەوشی كۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی كوردستاندا.

 

دلێر ئیبراهیم- هەولێر

هەواڵی پەیوەندیدار