محەمەدی حاجی مەحمود بۆ kdp.info: هەنگاوەکانی بارزانی خاڵێکی گرنگن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستای عێراق

تایبەت بەkdp.info/ لە لێدوانێکدا بۆ kdp.info سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ئەوەی خستەڕوو کە دەبێت لە عێراقی نوێدا هەوڵ بدرێت سەرجەم لایەنەکان لە حکوومەتی شەراکەت بەشدار بکرێن، ئەوەش ناشارێتەوە کە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو بارودۆخەی عێراق ڕۆلێکی سەرکەوتو بووە .
دەربارەی بارودۆخی ئێستای عێراق و ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت و پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە کە بەشێک لە لایەنەکانی عێراق باسی لێوەدەکەن، محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بۆ kdp.info ڕایگەیاند: دەبێت هەرچی زووە کێشەی تایفەگەری لە عێراق دووربخرێتەوە و سیاسەتێکی ڕاست و ڕەوان پەیڕەو بکرێت و هەوڵبدرێت سەرجەم لایەنەکان لە عێراقی شەراکەت مافیان پارێزراو بێت.
گوتیشی: " دەبێت هەرلایەنێک لە ئاستی خۆی دەستبەرداری هەندێک بەشی خۆی ببێت، بەرانبەر بەوەی بەشی لایەکەی دیکە نەبات، دواتر مەسەلەی حکوومەتی عێراقی دەبێت هەڵسوکەوتی بەو شێوە بێت هی هەموو عێراق بێت و خەڵکی عێراق هەست نەکات حکوومەت جیاوازی دەکات، ئەمانە خاڵی گرنگن بۆ ئەم پاکێجەی لایەنەکان داوای دەکەن و پێش هەر گۆرانکاریەک لە سوریا و هەڵبژاردنی عێراق دەبێت جەخت لە دەستور و پێداگیری لایەنەکان بکرێتەوە و ئەو تەشەنوجاتەی هەیە نەبێتە زیان بۆ پرۆسەی سیاسی لەعێراق ".
دەربارەی دەست پێشخەری سەرۆک بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی لێژنەیەک بەمەبەستی گفتوگۆ کردن لەگەڵ حکوومەتی بەغدا سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان گوتی " دەست پێشخەری جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی خاڵی گرنگە بۆ هەڵومەرجی ئێستای عێراق و کوردستان و ناوچەکە، چونکە ناوچەکە وەک مەنجەلێک وایە کوڵ دەدات، پێش ئەوەی هەر تەقینەوەیەک ڕووبدات دەبێت خۆمان چارەسەی کێشەکانی خۆمان بکەین و هەرهەنگاوێک و دەست پێشخەریەک بە دڵنیاییەوە لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە هەنگاوی گرنگە بۆ ئاسایشی ناوچەکە و دەستپێکێکی باشیشە بۆ گۆڕانکاری سیاسی لە عێراقدا "




