ئاشتى ههورامى: ئێكسۆن مۆبیل كارهكانى رانهگرتووه

وهزیرى سامانه سروشتییهكانى حكومهتى ههرێمى كوردستان رهتى دهكاتهوه كه، كۆمپانیای (ئێكسۆن مۆبیل)ی ئەمەریكی كارەكانی لە هەرێمی كوردستان هەڵپەسێرێتو رایگهیاند، ئیكسۆن مۆبیل لە كارەكانى خۆى لە كوردستان بەردەوامە.
عەبدولكەریم لوعێبی، وهزیرى نهوتى عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (الصباح) كه ئهمڕۆ بڵاوكراوهتهوه رایگەیاندووە "كۆمپانیای (ئێكسۆن مۆبیل) ئاگاداری كردینەوە كە كارەكانی لە هەرێمی كوردستان هەڵدەپەسێرێت، تاوهكو ئەوكاتەی كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێمى كوردستانو حكومهتى بەغدا چارەسەر دەبێت".
وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشداوه كه "راگرتنی هەناردەكردنی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمى كوردستانهوه، پێش ئەوەی زیان بە هاووڵاتییانی عەرەب بگەیەنێت، زیان بە هاووڵاتییانی كورد دەگەیەنێت"، گوتیشى "حكومەتی هەرێمى كوردستان نەوت بە نرخێكی كەم دەفرۆشێت".
ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وهڵامى چاوپێكهوتنهكهى وهزیرى نهوتى عێراقى دهداتهوهو بە ئاژانسی (ئاكانیوز)ی راگەیاند "كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل بەردەوامە لەكارەكانی خۆی لە هەرێمی كوردستانو بەهیچ شێوەیەك كارەكانی رانەگرتووە".
ئاشتى ههورامى گوتى "حكومەتی عێراق چەندین جارە ئەو قسانە دەكا، لەكاتێكدا ئێكسۆن مۆبیل تاوهكو ئێستا كارەكانی رانەگرتووەو، هەرێمی كوردستانیش 1 لیتر نەوتی خاوی بە تانكەر هەنادرەی دەرەوەی هەرێم نەكردووە، ئەوەی باس دەكرێت لە راستییەوە دوورە".
مانگى رابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری وەستاندنی هەناردەكردنی نەوتیدا بۆ دەرەوەى وڵات، لهبهرئهوهى حكومهتى بەغدا ئامادەنەبوو پاداشتی ئەو كۆمپانیا نەوتییە بیانییانە بدات كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن.
كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیلی ئەمریكی بە كۆمپانیایەكی گهورهى نەوت لە جیهاندا دادهنرێتو ساڵى رابردوو گرێبەستی 6 مانگى نهوتى لەگەڵ هەرێمی كوردستان واژۆ كرد، كه بووه جێى ناڕەزایى توندى حكومهتى بەغدا، ئهو كۆمپانیایه جگە لە هەرێمی كوردستان گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقیشدا هەیە بۆ گەشەپێدانی كێڵگەی نەوتی قورنەی باشووری عێراق.




