توركیا هەموو نێردراوەكانی لە ئەوروپا خستۆتە ئامادەباشییەوە

ئەستەمبۆل – تایبەت بە kdp.info/ بەر پرسێكی توركیا ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند: هەموو نێردراوەكانیان لە ئەوروپا خستۆتە ئامادەباشییەوە، دوای كوژرانی ئەو سێ ئافرەتە كوردەی كە لە پاریس بە گولە كوژرابوون، بەرپرسەكەی حكوومەتی توركیا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند: داوامان لە حكوومەتی فەرەنسا كردووە، بۆ ئەگەری هەر رووداوێكی نەخوازراو، پێویستە رێوشوێنی ئەمنیی تووند بۆ پاراستنی نێردراوەكانمان و بارەگای باڵێۆزخانەی توركیا لە فەرەنسا بگرێتەبەر، هەروەها راشیگەیاندووە، كە دوای ئەو رووداوە مەترسی هێرشكردنە سەر نێردراوانیان لە ئەوروپاو بەتایبەتیش لەفەرەنسا هەیە. جێ ئاماژەدانە شەوی پێنجشەممەی رابردوو لە ناوچەی دەی پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لەكردەیەكی پیلان بۆ دارێژراودا 3 ئافرەتی كورد بەناوەكانی فیدان دۆغان و سەكینە جانسیز و لەیلا سیلامیز بە لێدانی گولە لەسەریان كوژران، سەكینە جانسیز لە دامەزرینەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بووە، فیدان و لەیلاش لە بەشی راگەیاندنی كوردی پەیمانگایەكی فەرەنسا كاریان كردووە .




