٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی

سەرچاوە: KDP.info

نیوەڕۆی ئەمڕۆ11/1/2013 هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە سەرپەرشتی بەڕێزان سەرۆك مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسول عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بارەگای تایبەتی هەڤاڵ سكرتێری گشتی لە سلێمانی كۆبوونەوە.

 دوای ئەوەی هەڤاڵ كۆسرەت رەسول بە ناوی مەكتەبی سیاسییەوە بەخێرهاتنی گەرمی سەرۆك بارزانی و وەفدی هاوڕێی كرد، سوپاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیشی پێ راگەیاند، كە لەوەتەی سەرۆك تاڵەبانی لەسەفەری چارەسەركردندایە، بەردەوام هەواڵی تەندروستی سەرۆك تاڵەبانی پرسیوەو هەروا دووجاریش لەو ماوەكورتەدا سەردانی سلێمانی كردووەو لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا كۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجام داوە.

دواتر سەرۆك بارزانی تەئكیدی كردەوە كە بەڕێزی و هەڤاڵانی تری مەكتەبی سیاسی پارتیش بۆ تەندروستی سەرۆك تاڵەبانی زۆر بە پەرۆشن و هیواشی خواست كە زوو چاك ببێتەوەو بگەڕێتەوە ناومان و كۆبوونەوەكانی داهاتووی هەردوولا بەبەشداری سەرۆك تاڵەبانیش بكرێن. هەروا وتیشی: جەنابی مام جەلال هەر هی یەكێتی نیە، هی پارتیشە و هی هەموو كوردە. سەرۆك بارزانی تەئكیدی لەسەر پاراستنی هاوپەیمانی نێوان پارتی و یەكێتی كردەوەو ئەمەشی بە پەیامێك بۆ یارونەیاران ناوبرد .

ئەجێندای كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە باسكردنی بارودۆخی عیراق، پەیوەندییەكانی كوردستان و بەغدا، بارودۆخی ئەو ناوچانەی كوردستان كە ئەكەونە دەرەوەی هەرێم، بارودۆخی ناوخۆی كوردستان و هەڵبژاردنەكان و خۆپیشاندانەكانی ژمارەیەك پارێزگاو شاری عیراق.

كۆبوونەوە بە وردی و بە شێوەیەكی هەمەلایەنە و لەبەرڕۆشنایی قووڵتر بوونەوەی قەیرانەجیاجیاكانی عیراق و ئەو ناجێگیرییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەی كە بەرۆكی عیراقی گرتووە، بارودۆخی عیراق تاووتوێكراو بە نیگەرانییەوە لە پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی ئەو شاروشارۆچكانەی عیراقی كۆڵییەوە، كە خۆپیشاندان و نافەرمانی ئەهلی لە دژی حكومەتی عیراق تیایاندا بەردەوامە. هەردوو لا لەسەر ئەوە كۆك بوون كە كێشەكە كێشەی حوكمڕانی عیراقە، كە ناكرێ و جێی قبوڵ كردن نیە شێوازی حوكمڕانی تا سەرو بەوشێوەیە بەردەوام بێت. هەردوولا كۆكبوون كە نەخشەڕێگای چارەسەركردنی ئەو كێشانە راستكردنی رێڕەوی حوكمڕانییە. لەو بارەوە هەردوولا پێیان وابوو هاوپەیمانی نیشتمانی عیراق، كە لەدیدی یەكێتی و پارتیدا و كێشمەكێشانەدا تەرەف نیە، بەڵام لە راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانیدا رۆڵی سەرەكی و یەكلاكەرەوەی هەیە رۆڵی خۆی ببینێ، كە پێشووتر لەو بارەوە پەیامی نووسراوی لایەنە كوردستانییەكانیان بۆ نێردراوەو چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانن.

سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی چەندین شاروشارۆچكەی عیراق و داخوازییەكانیان، هەردوولا پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو داخوازییانەی خۆپیشاندەران لە ئەنبار و موسڵ و شوێنەكانی تر دەربڕی، كە لەچوارچێوەی دەستووردان.

لە تەوەرێكی دیكەدا، پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و بەغدا باسیان لێوەكرا، بە تایبەت ئەو بارگرژییانەی لەو ناوچانەی كوردستاندا هەن كە ئەكەونە دەرەوەی هەرێم. لەو بارەوە هەردوولا تەئكیدیان لەسەر سیاسەتی پێشووتری راگەیەندراو كردەوە كە بە هیچ جۆرێك رێگە نادرێ ئەمری واقیعێكی نادەستووری لەو ناوچانەدا بەسەر كوردستاندا بسەپێنرێ. هەروا تەئكید لەسەر ئەوەش كرایەوە كە هەردوولا لایەنگری رێگەچارەی نەرمن لەڕێی گفتوگۆو دان و ستان، بە پشت بەستن بە بنەماكانی دەستوور و ئەو رێكەوتنانەی لە نێواندا هەن. كە لەو بارەوە تەئكید لە جێبەجێكردنی ئەو داواكارییە دەستوورییانەی هەرێمی كوردستان كرایەوە كە بۆ چارەسەری كێشەكانی ئەو ناوچانە پێشكەشكراون، هەر لەو رووەوە كۆبوونەوە بڕوای وابوو كە راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی و جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەستوور زامنی چارەسەربوونی كێشەی ئەو ناوچانەن. وەك چۆن تەئكید لەسەر ئەوەش كرایەوە كە چەندین كێشەی هەڵواسراوی تر لە نێوان هەرێم و حكومەتی بەغدادا هەن، وەك كێشەی بوجە، پێشمەرگە، یاسای نەوت و گاز پێویستیان بەوەیە چیتر بە ئەنقەست دوانەخرێن و یەكلابكرێنەوە.

تەوەرێكی تری كۆبوونەوە هاوبەشەكە، بارودۆخی ناوخۆی كوردستان بوو، كە بەشێوەیەكی تێروتەسەل گفتوگۆی لەسەركرا. لەو كەیسەدا جارێكی دیكە تەئكید لەسەر هاوپەیمانی ستراتیژی نێوان هەردوولاو بەهێزكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان كرایەوە. هەروا كۆبوونەوەی پەیوەندی نێوان یەكێتی و پارتی، لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و لایەنەكانی تری كوردستان تاووتوێكرد و هەردوولا تەئكیدیان لەسەر پابەندبوون بە گفتوگۆو دیالۆگ كردەوە، بۆ گەیشتن بە زەمینەیەكی هاوبەشی هەموو لایەنەكان لە پێناوی چارەسەركردنی هەموو ئەو گرفت و كێشانەی كە هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.

هەر لە پێودانگی بارودۆخی كوردستان لەم هەل ومەرجەدا، كە ناوچەكە بە گشتی لە قەیرانی قووڵی پڕ مەترسیدایەو بە رووداوی جۆراوجۆردا تێ ئەپەڕێ و ئەگەری جیاجیای لەخۆگرتووە، بۆیە هەردوولا لەسەر ئەوە كۆك بوون كە یەكڕیزی لایەنەكانی كوردستان و گەلی كوردستان بە گشتی، لەم قۆناخەدا گرنگیێكی چارەنووسسازی هەیە و لەو روانگەیەوە پێكەوە راوێژكردنی هەمووان و پێكەوە گەڵاڵەكردنی بەرنامەی كاری هاوبەش گرنگی بەرچاوی هەیە.

لە تەوەرێكی دیكەدا، كۆبوونەوە ئەو گۆڕانكارییە تازانەی توركیای خستەبەرباس و لێكۆڵینەوە، بەتایبەت ئەو گۆڕانەی لە رەوتی چارەسەری ئاشتیانەی مەسەلەی كورد لە توركیا هاتۆتە ئاراوەو دان وستانی راستەوخۆ لە نێوان حكومەتی توركیا و بەڕێز ئۆجەلان، دەستیپێكردووە بۆ ئەوەی كۆتایی بە شەڕوشۆڕ بهێنرێ و رێگەی مەدەنیانەو دیموكراسیانە بگیرێتەبەر. كۆبوونەوە، ئەو رووداوە تازانەی بە وەرچەرخان لە رێڕەوی چارەسەرەی دیموكراسیانە دایە قەڵەم و هەردوولا خۆشحاڵی خۆیان بەو بۆنەیەوە دەربڕی و ئامادەییشیان نیشاندا تا بەهەمان میكانیزمی ئاشتیانە هاوكاری لایەنەكانی ئەو پرۆسەیەبن و جەختیشیان لەسەر ئەوە كردەوە، كە ئەمە دەرەفەتێكی گرنگە و لە لایەنەكانی پرۆسەكە ئەخوازێ، كە بە توندی دەست بەو رێبازو میكانیزمەوە بگرن.

هاوكات كۆبوونەوەی، رووداوی تیرۆركردنی سێ ژنەچالاكوانی كوردستانی توركیای ئیدانە كرد، كە لە فەرەنسا تیرۆركران و هەردوولاش خوازیاری ئەوەبوون كە لایەنەپەیوەندیدارەكانی فەرەنسا لێكۆڵینەوەی ورد بكەن و تاوانبارانی رووداوەكە ئاشكرا بكەن و بیاندەنە دادگا.

 

 مەكتەبی سیاسی                                                             مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكڕاتی كوردستان                                                یەكێتی نیشتیمانی كوردستان

 

11/1/2013         

هەواڵی پەیوەندیدار