حكوومه‌تى هه‌رێمی کوردستان ئیدانه‌ى رووداوه‌كه‌ى پاریس ده‌كات

گوته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رایگەیاند "حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئیدانه‌ى هه‌رجۆره توند‌و تیژییه‌ك ده‌كات و پێویسته حكوومه‌ت و به‌رپرسانى ئه‌منى وڵاتى فه‌ره‌نسا له‌و رووداوه‌ى پاریس بپێچنه‌وه".
سه‌فین دزه‌یی، گوته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گوتیشى "تا ئێستا هیچ رێكخراو و لایه‌نێك ئه‌نجامدانى ئه‌و رووداوه‌ى له ئه‌ستۆى خۆى نه‌گرتووه‌و روون نه‌بووەته‌وه كه كێ لهدواوهیهتى، بۆیه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان چاوه‌رێى ئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌كات".
له‌باره‌ى كاریگه‌رى ئه‌و رووداوه له‌سه‌ر پرسی ئاشته‌وایی و گفتوگۆ له نێوان به‌رپرسانى پارتی کرێکارانی کوردستان PKK و حكوومه‌تى ئه‌نقه‌ره، دزه‌یی رایگەیاند "ناتوانین جارێ هیچ بڵێین چونكه روون نه‌بووەته‌وه كێ له دواوه‌ى رووداوه‌كه‌یه ، به‌ڵام حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سووره له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى كورد له توركیا له رێگاى زمانى دیالۆگ و ئاشتیییه‌وه".
شه‌وى رابردوو هه‌ریه‌ك له ساكینه جانسز، یه‌كێک له دامه‌زرێنه‌رانى پارتى كرێكارانى كوردستان و فیدان ئۆغان نوێنه‌رى كۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یی كوردستان و له‌یلا سۆیله‌مه‌ز له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكى نه‌ناسراو له‌ناوچه‌ى گاره دونوردى پاریسى پایته‌ختى فه‌ره‌نسا كوژران.




