لیژنەی پەروەردەو فێركردنی باڵا بەدواداچوون بۆ بەرنامەی تواناسازیی مرۆیی فەرمانبەرە دامەزراوەكانی هەرێم دەكات

تایبەت بە kdp.info/ بەمەبەستی ئاگاداربوون و لەنزیكەوە ئاشنابوون لەشێواز و چۆنیەتیی جێبەجێكردنی پڕۆژەی پەرەپێدانی تواناسازیی مرۆیی فەرمانبەرانی دامەزراوەكانی هەرێم، سەعات 10ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ 10/1/2013 لیژنەی پەروەردەو فێركردنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەپەرلەمانی كوردستان، بەئامادەبوونی د.عومەر نورەدینی سەرۆكی لیژنە و ژمارەیەك لەئەندامانی لیژنە، لەهۆڵی لیژنە لەتەلاری پەرلەمان، لەگەڵ د.سەباح یوسف تۆما راوێژكاری پێشكەوتوو لەوەزارەتی پلاندانان و سەرۆكی لیژنەی باڵای پڕۆژەی تواناسازیی مرۆیی فەرمانبەرانی هەرێم و د.عەبدولڕەزاق محەمەد مستەفا بەڕێوەبەری گشتیی پەرەپێدانی مرۆیی لەوەزارەتی پلاندانان كۆبۆوە.
سەرەتای كۆبوونەوەكە لەلایەن سەرۆكی لیژنەی باڵای پڕۆژەی تواناسازیی مرۆیی فەرمانبەرانی هەرێم و بەڕێوەبەری گشتی پەرەپێدانی مرۆیی لەوەزارەتی پلاندانان، پوختەیەك سەبارەت بەشێواز و چۆنیەتیی جێبەجێكردنی پرۆسەی پەرەپێدانی تواناسازیی مرۆیی فەرمانبەرانی دامەزراوەكانی هەرێم بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرا لەچوارچێوەی بەرنامەی تواناسازیی مرۆیی و ئامانجەكانی و پرەنسیپە سەرەكییەكان و میكانیزمی جێبەجێكردنی و دیاریكردنی پێداویستییەكان و دامەزراوە ئەكادیمییەكان و مەرجەكانی پێشكەشكردن و هەڵبژاردنی كاندیدكراوەكان لەسەر بنەمای پسپۆڕی و پێویستیی دامەزراوەكان بەو پسپۆڕییانە و رێكارە كارگێڕی و داراییەكان خرایەڕوو.
پاشان لەلایەن سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی پەروەردەو فێركردنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە، وێڕای دەستخۆشیكردنیان لەئەنجامدانی كارەكانیان بەمجۆرە، چەندین سەرنج و تێبینی و پرسیاریان لەسەر كۆی پرۆسەكە و شێواز و چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئاراستەی میوانان كرد و ئەوانیش وەڵامی پێویستی پرسیارەكانیان دایەوە، هەروەك لیژنەكە جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامبوون و كاراتركردنی پرۆسەكە و دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەو گرفتانە كردەوە كەدێنە بەردەم پرۆسەكە، بۆئەوەی بەشێوەیەكی باشتر ئامانجەكانی بپێكێ و لەهەڵبژاردنی كاندیدەكانیشدا رەچاوی پسپۆڕی و پێویستیی وەزارەتەكان بكرێت و پرۆسەكەش بەشێوەیەكی شەفاف و داپەروەرانە بەڕێوەبچێت.




