حاجی ئۆمەران. تا ئاسایی بوونەوەی كەش و هەوا سنوور بە داخراوی دەمێنێتەوە
تایبەت بە kdp.info/ بەهۆی رانەماڵینی بەفری نێوان رێگای سنووری تەمەرچین تا خانێی رۆژهەڵات، لە لایەن تیمەكانی راماڵینی بەفری ئێرانەوە، وە بەردەوام بارینی بەفر لە دەڤەری باڵەكایەتی و ئاستەنگ لە بەردەم رەوشی هاتووچۆ لە نێوان چۆمان – حاجی ئۆمەران، ئاڵو گۆڕی بازرگانی و گەشتیاری نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران وەستاوە.
لەم بارەیەوە عەبدولواحید گوانی قائیمقامی چۆمان بە kdp.infoی راگەیاند: لەگەڵ ئەوەی ماوەی سێ رۆژە بەهۆی بەردەوام بەفربارین و دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ لە نێوان شارەدێی حاجی ئۆمەران – چۆمان و رانەماڵینی بەفری نێوان رێگای خانێی رۆژهەڵات تا سنوری تەمەرچین لە لایەن تیمەكانی راماڵینی بەفری ئێران، ئاڵو گۆڕی بازرگانی و گەشتیاری لە سنوری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران وەستاوەو تاكو رێگای خانێ تا سنور لە بەفر رانەماڵدرێت سنورەكان بە رووی بازرگان و گەشتیاران بە داخراوی دەمێننەوە، داواشی لە گەشتیاران كرد تا ئاسایی بوونەوەی رێگاو بانەكان گەشت بۆ ئێران و بە پێچەوانەشەوە ئەنجام نەدەن.
لە لایەكی دیكەوە بەهۆی بەردەوام بارینی بەفر رێگای تەواوی گوندو ئاوایەكانی باڵەكایەتی هاموشۆی ئۆتۆمبێلیان تێدا پچراوەو لە ئێستادا تیمەكان سەرقاڵی كردنەوەی رێگاكانن.
لەم بارەیەوە ستار عادل بەرپرسی تیمی بەفر راماڵین بە kdp.infoی راگەیاند: لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوو (80سم) بەفر لە سەر رێگای گشتی هاملتۆن راماڵدراوەو (15) تۆن خوێی نەهاراویش لە سەر رێگای گشتی هاملتۆن فەرش كراوەو كۆی گشتی بەفری باریوی ئەمساڵیش لە ناوچەكە گەیشتە (2) مەترو (5)سم.
وتیشی ئێستا سەرقاڵی كردنەوەی رێگای شارەدێكان و گوندو ئاوایەكانین.
رێكار چۆمانی




