٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پەرلەمانتارێك: ئەگەر مالیكی نەگۆڕێ دەبێ كارنامە 8 خاڵییەكەی نەجەف جێبەجێ بكا

سەرچاوە: AK News

پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، ئەگەر هاوپەیمانیی نیشتمانی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا پشتیوانی لە مانەوەی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد دەبێ مالیكی كارنامە 8 خاڵییەكی كۆبوونەوەی نەجەف جێبەجێ بكا.

سەرەتاى هەفتەی رابردوو موقتەدا سەدر و نوێنەرانى هەردوو لیستى هاوپەیمانیى كوردستان و عێراقییە لە ماڵى سەدر لە نەجەف كۆبوونەوە، دواى كۆبوونەوەكە رایان گەیاند لە دوا قۆناغەكانى پرۆژە نیشتمانییەكەیان نێزیك بوونەتەوە، بەبێ ئەوەى هیچ وردەكارییەك ئاشكرا بكەن.

ئازاد ئەبوبەكر، ئەمڕۆ شەموو بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئێستە هەموو ئەگەرەكان لەناو فراكسۆنی هاوپەیمانی نیشتمانین بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی سیاسیی عێراق.

زیاتر گوتی، دەبێ ئەمڕۆ هاوپەیمانیی نیشتمانی خۆی یەكلایی بكاتەوە لە پشتیوانیكردن لە مانەوەی مالیكی لە پۆستەكەی یان نا، ئەگەر پشتیوانی لە مانەوەی كرد ئەوكات دەبێ سەرۆك وەزیران سەرجەم ئەو 8 خاڵەی كە لە كۆبوونەوەی شاری نەجەف بڕیاری لەسەر دراوە جێبەجێ بكا.

زیاتر گوتی، ئەگەر هاوپەیمانی نیشتمانی پشتیوانی لە مانەوەی مالیكی كرد و مالیكیش ئامادە نەبوو كارنامە 8 خاڵییەكە جێبەجێ بكا، ئەوكات دەبێ كار بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە مالیكی بكرێ كە پێشتر لایەنەكان بڕیاریان لەسەر داوە.

لای خۆیەوە حەسەن جیهاد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستان بە(ئاكانیوز) راگەیاند، دەبێ چاوەڕوانی دوا بڕیاری فراكسیۆنی هاوپەیمانی نیشتمانی بین بەوەی پێداگیری لەسەر مانەوەی مالیكی دەكا یان كەسێكی تر دەستنیشان دەكا بۆ جێگرەوەی.

هەروەها گوتی، بەشێوەیەكی گشتی زۆربەی لایەنەكانی ناو فراكسیۆنی هاوپەیمانی نیشتمانی و هەندێك لە وڵاتانی دەرەوەش پشتیوانی لە مانەوەی مالیكی دەكەن، ئەمەش هۆكارێكە بۆ مانەوەی مالیكی لە پۆستەكەی.

ئاماژەی دا لە ئەگەری پشتیوانیكردن لە مالیكی لێسەندنەوەی متمانە كارێكی زەحمەت نییە، بەڵام لەو دۆخە ئاڵۆزەدا ئەگەری دووبارە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق زەحمەت دەبێ

هەواڵی پەیوەندیدار