سەعد خالد: حکوومەت لەگەڵ کوتلەکانی پەرلەمان بۆ دیارکردنی کاتێک بۆ ھەڵبژاردنەکان کۆدهبێتەوە

تایبەت بە kdp.info/ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی رای خۆیان لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان دیاری بکەن، لە بەرامبەردا رێکخەری نێوان حکوومەوت و پەرلەمانی کوردستان دهڵێت: بڕیارە حکوومەت لەگەڵ کوتلەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆبێتەوە بۆ ئەوەی رایان وەربگرێت لەبارەی ئەم ھەڵبژاردنانە، دواتر وهڵامی کۆمسیۆن دەداتەوە.
سەعد خالد رێکخەری نێوان حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ kdp.info ڕایگەیاند، بڕیارە بەم نزیکانە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کوتلەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان کۆبیتەوە و رایان وەربگرێت بۆ ئەوەی کاتێک بۆ ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان دیاربکەن.
سەعد خالد گوتیشی: ھەرکاتێک حکوومەت رای لایەنەکانی وەرگرت ئەو کات بە فەرمی وهڵامی کۆمیسیۆن و سەرۆکایەتی پەرلەمانیش دەداتەوە.
سەرۆکی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق سەربەست مستەفا لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ kdp.info رایگەیاند: رۆژی 28-12- 2012 کۆمیسیۆن نوسراوێکی ئاراستەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد، بۆ ئەوەی رای ئەوان بزانن لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێم، بەڵام تاوەکو ئێستا وهڵامی کۆمیسیۆن نەدراوەتەوە.
پێشتریش سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد بۆ دیارکردنی کاتێک بۆ ھەڵبژاردنەکان.




