ھاجەر داود: وەزارەتی پەروەردە لە کەموکورتی بینای قوتابخانەکان بهرپرسیار نییه

هەولێر- تایبەت بە kdp.inf / وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاجەر داود ئەحمەد لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ kdp.info رایگەیاند، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرێوهبەری بەشی بیناسازی لەبەرێوهبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆبۆوەو تێیدا گفتوگۆ لەبارەی دانانی میکانیزمی گواستنەوەی بەرپرسیاریەتی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی دروست کردنی قوتابخانەکان لەوەزارەتی پەروەردە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگاکان كرا .
ھاجەر داود ئەحمەد گوتیشی: پێشتر رێکەوتنێک لەنێوان وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی ناوخۆ کرا بۆ گواستنەوەی بەشی بیناسازی و پرۆژەی قوتابخانەکان بۆ سەر وەزارەتی ناوخۆ، بۆیە ئێستا تەنیا بەشی بەدواداچوون و چاککردنەوە لە وەزارەتی پەروەردە دەمێنێت.
داود رونیشیکردووە، لەکۆبوونەوەکەدا داوا لەبەرێوهبەرەکانی بەشی بیناسازی کرا بریاربدەن، ئایە خۆیان دەگوازنەوه یاخود دەمێنێنەوە، چونکە لە ھەر بەشێک تەنیا دوو ئەندازیار دمێنێن و بەشی بیناسازی دەگۆڕێت بۆ بەشی بەدواداچوون و چاککردنەوە.
لەکۆتایی لێدوانەکەیدا ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، لەمەودوا ئەرکی دروستکردنی قوتابخانەکان دەکەوێتە ئەستۆی وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگاکان و وەزارەتی پەروەردە ھیچ پەیوەندیهکی پێەوە نابێت، بۆ نمونە گەر کەموکورتی لە بینای ھەر قوتابخانەیهک ھەبێت وەزارەتی پەوەردە لێی بەرپرسیار نابێت و بەرپرسیاریەتییەکە دهکەوێتە ئەستۆی وەزارەتی ناوخۆ و کاری ئەوان تەنیا بەدواداچوون دەبێت.
بڵند ئیبراھیم




