لە یادی 25 ساڵەی تاوانی ئەنفالدا داوا لە پارلەمانەکانی (( ئەرمینیا، قوبرس، یۆنان)) کراوە ئەنفال بە جینۆساید بناسن

سوید- تایبەت بە kdp.inf – سەرچاوەیەک لە دەرەوەی کوردستان سەبارەت بە پرۆسەی تاوانی جینۆساید بە kdp.info راگەیاند: وەک دەستپێکی چالاکییەکانی یادی 25 ساڵەی تاوانی هەڵەبجەو ئەنفال ، لە ژێر ناوی هەرسێ رێکخراو (( Kurdocide Watch، Kurdistan without genocide، and Association of defending the victims and their families )) هەڵمەتێکی سەرانسەری بۆ ناساندنی تاوانی ئەنفال بە پەرلەمانتارنی جیهان و فراکسیۆنەکانی ناو ئەو پارلەمانانە دەنرێت ، لە نامەیەکی فەرمیدا داوایان لێکراوە ناساندنی تاوانی ئەنفال بە جینۆساید ببەنە ناو پەرلەمانەکانیانەوە و دەنگی پێبدەن ، لە دەستپێکی هەڵمەتەکە نامە بۆ سەرجەم فراکسیۆن و پارلەمانتارانی ولاتانی (( ئەرمینیا ، یۆنان ، قوبرس )) نێردرا .
هەڵمەتەکە سەرجەم وڵاتانی جیهان دەگرێتەوە جگە لە وڵاتی سوید ، بەدوایدا هەمان نامە بۆ سەرجەم پارتە سیاسییەکان و رێکخراوە تایبەتمەندەکانی بواری جینۆساید و مافی مرۆڤ لە جیهان دەنێردرێت ، لە نامەی دووەمدا داوا دەکرێت ، سزا بەسەر ئەوانەدا بسەپێنرێت هاشا دەکەن لە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید بەسەر گەلی کورددا ، تا لە رێگای بڕیاری سەپاندنی سزاکەوە دان بە حەقیقەتی تاوانەکە لە لایەن حکومەتەکانەوە بنرێت. هەڵمەتەکە سەرەتا ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە تیایدا تاوانی جینۆساید ئەنجامدراوە ، بە مەرجێک لە باری هەڵبژاردندا نەبن .
لە گەڵ نامەکەدا چەندین پەرتووک و بەڵگەنامەی گرنگ بە زمانی ئینگلیزی نێردراوە.




