موقتەدا سەدر رازی نییە بەنزین لە هەرێمی كوردستان ببڕدرێت
سەرۆكی رەوتی سەدر ناڕەزایی خۆی لەبارەی بڕیاری بڕینی بەنزین لە هەرێمی كوردستان نیشانداو رایگەیاند بڕیارەكە بارودۆخی سیاسیی عیراق قەیراناویتر دەكات.
دوای ئەوەی حسێن شەهرستانی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە، وەزارەتی نەوتی عیراقی راسپارد كە رەوانەكردنی بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان رابگرێت، موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر ناڕەزایی خۆی لەبارەی ئەو بڕیارەوە نیشانداو رایگەیاند "ئەم جۆرە بڕیارە تاكڕەوانە دەبنە هۆی قەیراناویتر كردنی بارودۆخە سیاسییەكەی عیراق كە زیان بە گەلی عیراق دەگەیەنێت".
ئەو لێدوانەی سەدر لەمیانی وەڵامی پرسیارێكدا ها كە لەلایەن یەكێك لە شوێنكەوتەكانییەوە ئاڕاستەی كردووە، لەو وەڵامەدا كە وێنەیەكی دەست "خەندان" كەوتووە، موقتەدا سەرد داوا لە سەرجەم لایەنەكان دەكات كە لەبارەی ئەو دۆسێیەوە گفتوگۆ بكەن.
پێشتر بەهۆی ناكۆكییە بەردەوامەكانی نێوان بەغداو هەولێر لەسەر گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم، عەبدولكەریم لعێبی وەزیری نەوتی عیراق بڕیارێكی دەركرد بۆئەوەی لە رۆژی 21ی ئەم مانگەوە رەوانەكردنی بەنزین بۆ هەرێم رابگرێت، بەڵام دوای كۆبوونەوەیەكی مام جەلال سەرۆك كۆماری عیراق لەگەڵ حسێن شەهرستانی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە، جێبەجێكردنی بڕیارەكە بۆ مانگێكی دیكە دواخرا.
لەبارەی ئەگەری ئەوەی بەغدا رەوانەكردنی بەنزین بۆ هەرێم رابگرێت، د.ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی پێشوویدا بۆ "خەندان" وتی: "دەركردنی هەر بڕیارێكی لەو جۆرە "دەستووریو قانونی نییە (...) ئێمە بەشێكین لەم وڵاتەو بەهیچ شێوەیەك ئەوە قبوڵ ناكەین".
هەورامی راشیگەیاند كە ئەو بڕیارە "وەكو گەمارۆیەگی ئابوورییە دژی هەرێمی كوردستان"و پێیوابوو كە گرتنبەری ئەو سیاسەتە هاوشێوەی ئەو سیاسەتەیە كە رژێمی پێشووی عیراق پەیڕەوی دەكردو وتی: "ئەمە سیستمێكە كە سەدام حسێن بەكاری دەهێنا".
وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەی جەختی لەسەر نایاساییبوونی ئەگەری راگرتنی بەنزین بۆ هەرێم كردەوە، هاوكات لە بایەخی ئەو هەڕەشەیەی حكومەتی بەغداشی كەمكردەوەو تەئكیدیكردەوە لەوەی دەتوانن پێویستی ناوخۆیی بۆ بەنزین دابین بكەنو وتی: "ئێمە توانامان هەیەو ئەو كێشەیە چارەسەر دەكەین".




